بەهۆی بەرزی پلەی گەرما نەبوونی ئاو و کارەبا ژیانی خەڵکی حەسەکە زۆر قورس بووە
K24 - هەولێر
قەیرانی کەمی ئاو لە پارێزگای حەسەکە لەرۆژئاوای کوردستان بەردەوامە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کە گەیشتە 47 پلەی سیلیزی، بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخی ژیانی خەڵکی شارەکە.
دانیشتوانی گەڕەکی ئەلغوەیران و ئەلنەشوا بە شەرقولئەوسەتیان راگەیاند، لەناو بەرزی پلەکانی گەرمادا پێویستمان بە ئاوی پاک هەیە، هەرچەندە دانیشتووانی شاری حەسەکە بە گەرمای هاوین راهاتوون، بەڵام شەپۆلی گەرمای بەردەوامی ئەمساڵ گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، ئەمەش وایکردووە دۆخی ژیانی سەخت بێت، بەهۆی کەمی ئاو و کارەباوە.
هاجەر، تەمەنی 40 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی غوێرانە لە رۆژهەڵاتی شارەکە دەڵێت: خەڵکی حەسەکە تینوون، گوتیشی: "ئێمە 30 خانووین لە گەڕەکەکەدا، تەنها هەشت بەرمیل ئاومان لەلایەن رێکخراوەکانەوە بۆ دابینکراوە، بەجۆرێک پشکی هەر خێزانێک کەمتر بێت لە نیو بەرمیل ئاوی پاک".
هاجەر باسی لەوە کرد، کە چۆن بەهۆی ئەم بارودۆخانەوە ئازارێکی زۆر دەچێژن و سەرەڕای ئەو ئازارانەی کە ساڵانێکە بەسەریان داهاتووە و دەڵێت: تۆ باوەڕت وایە تەنانەت ئەگەر بڕێکی کەم ئاوی پاکیشمان بەدەست بگات زۆر دڵخۆش دەبووین.
هاجەر جەختی لەوەکردەوە، "کەش و هەوا زۆر گەرمە و لە کاتژمێرەکانی زووی بەیانییەوە تا خۆرئاوابوون دەناڵێنین ئەگەر نەتوانین تانکییەکە پڕبکەینەوە". یەک ملیۆن دانیشتووانی حەسەکە و دانیشتووانی کەمپەکانی ئەم پارێزگایە رووبەڕووی دۆخێکی کارەساتبار دەبنەوە بەهۆی پچڕانی ئاوی وێستگەی بیرەکانی عەلووک.
دانیشتوانێکی غوێران بەناوی عەبود، پچڕانی ئاوەکەی بەستەوە بە سیاسەتی دوژمنکارانەی تورکیا لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە یەک کێلە بەفر بە 14 هەزار لیرەیە کە دەکاتە یەک دۆلار و 70 سەنت.
گوتیشی، "ئەمساڵ گەرمای بەردەوام گەیشتووەتە ئاستێکی بەرگە نەگیراو، بەبێ کارەبا و ئاو خەڵک خەڵک شەڕی ژیان دەکەن، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پلەکانی گەرما لە رادەبەدەر".
رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن بۆ دابەشکردنی ئاوی پاک، گلەیی ئەوە دەکەن کە بەدیلەکانی پەمپکردنی ئاو لە وێستگەی ئاوی عەلوکەوە بەس نین، بەو پێیەی ئەم دەزگایانە ئاوی خواردنەوە لە رێگەی تانکیەکانەوە بە شێوەیەکی پچڕپچڕ دابەش دەکەن، بەڵام کاتێکی زۆری دەوێت تا دەگاتە ئەوانەی کە زۆرترین پێویستییان هەیە .
حەلیمە تەمەن 33 ساڵ لە گەڕەکی ئەلنەشوا رایگەیاند، زۆرجار تانکیەکانییان پڕناکەنەوە کە لەلایەن هەندێک رێکخراو و دەزگا مرۆییەکانەوە دابەشدەکرێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو قەرەباڵغییە زۆرەی هەیە.
ئەم ئافرەتە وەک زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بێبەشن لە ئاوی پاک، سەرەڕای هۆشداری پزیشکی ناچارە ئاوی خوێی تاڵ بەکاربهێنێت، گوتیشی: منداڵەکانمان بەهۆی تینوێتییەکی زۆرەوە لێی دەخۆنەوە.
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای سووریا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: "حەسەکە، تەل تەمر، گوندەکانیان، و کەمپەکانی وەشۆ کانی و سەرێ کانی ناوچەی کارەساتبارن کە خەریکە ژیانیان نامێنێت، خۆسەر تورکیا و رووسیا و حکومەتی سووریا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە پشت ئەم کارەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیدارەی خۆسەر.