یەکێتی: هیواخوازین یادی ئەنفالی بارزانییەکان هاندەرمان بێت بۆ تەبایی و یەکریزی گەلەکەمان
K24 – هەولێر
بۆ یادی 40 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: هیواخوازین ئەم یادە هاندەرمان بێت بۆ تەبایی و یەکریزی و یەکهەڵوێستی گەلەکەمان.
مەڵبەندی 3ی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاندووە: "40 ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی لە 1983/7/31 تاوانێکی دڕندانەی بەرامبەر بە گەلەکەمان ئەنجامدا و لە یەك کاتدا 8000 هاووڵاتی کوردی بارزانی راپێچی مەرگێکی نادیار و بێسەر و شوێن و زیندە بەچاڵکرد، ئەو تاوانەش لە درێژەی ئەو تاوانانەبوو، کە رژێمی لەناوچووی بەعس لە چوارچێوەی سیاسەتی لەناوبردنی گەلی کورد ئەنجامیدا، ئەم تاوانە دوابەدوای قوناغی یەکەمی ئەو بەرنامە ترسناکانە هات کە بە راگواستنی بارزانییەکان لە زێدی باو باپیرانیان دەستیپێکرد و لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی بەحرکە و قوشتەپە و هەریردا جێگیری کردن، پێشتریش رژێمی بەعس بە سێ قوناغ، خەڵکی مەدەنی ناوچە سنوورییەکانی راگواستبوو".
لە بەشێکی دیکەی پەیامی یەکێتی هاتووە: "لە بیرەوەری ئەنفالکردنی بارزانیەکاندا، سەری رێز لەبەردەم شەهیدانی ئەنفالی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین و هاوخەمی خۆمان بە کەسوکاری و خانەواودەی قوربانیانیەکان رادەگەیەنین. هیواخوازین ئەم یادە هاندەرمان بێت بۆ تەبایی و یەکریزی و یەکهەڵوێستی گەلەکەمان. هەر لەم یادەوەریە خەمگینەدا، دووبارە سوپاسی هەڵوێستی نەتەوەییانە و جوامێرانەی کۆمەڵانی خەڵکی شاری هەولێری خۆشەویست دەکەین، کە لەم سەردەمەدا هاوخەم و هاوکاری خانەوادەی ئەنفالکراوانی کوردانی بارزانی بوون".