ئۆکرانیا هێمایەکی گەورەی یەکێتی سۆڤیەت لە مۆنۆمێنتی کیێڤ لادەبات

K24 - هەولێر:

لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، هێمای "چەکوش و داس"ـەکە لە پەیکەرێکی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت لێدەکرێتەوە.

لەسەر فەرمانی حکومەتی ئۆکرانیا، دەست کرا بە لابردن و گواستنەوەی یەکێک لە گەورەترین هێماکانی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو لە مۆنۆمێنتی (نیشتیمان) لە کیێڤ.

هێماکە بریتییە لە پەیکەری ژنێک کە شمشێرێک و قەڵغانێكی بەرزکردووەتەوە و لەسەر قەڵغانەکەی هێمای چەکوش و داسی یەکێتی سۆڤیەت هەیە و بڕیارە بە پەیکەرێکی دیکە جێگەی بگیرێتە و کە گوزارشت لە ئۆکرانیا و سەربەخۆییەکەی دەکات.

ئۆکرانیا تاوەکو پێش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 ئۆکرانیا بەشێک بوو لە خاکی ئەو یەکێتیە و زۆرینەی هێماکانی سۆڤیەت لەو وڵاتە دانرابوون، ئێستاش لە هەڵمەتێکدا کار لەسەر لابردنی هەموو هێماکانی یەکێتی سۆڤیەت دەکرێت لە وڵاتەکەدا، ئەمەش بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوەیە.

کاتێک حکومەتی ئۆکرانیا بە فەرمی خواستی خۆی بۆ چوونە نێو هاوپەیامنێتی ناتۆ دەربڕی، مۆسکۆ دژی ئەم بڕیارە هەڵوێستی وەرگرت و هۆشداریدا بە کیێڤ، بەڵام کیێڤ گوێی بە ئاگادارییەکانی مۆسکۆ نەدا، تا سوپای رووسیا لە 24ـی شوبات هێرشی کردە سەر خاکی ئۆکرانیا و لەو کاتەوە تا ئێستا، شەڕ و پێکدادان لە خاکی ئۆکرانیا لەنێوان هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە بەردەوامی هەیە.

هێمای "چەکوش و داس" یەکێکە لە سیمبولە دیارەکانی کۆمیونیزم و یەکێتی سۆڤیەت، چەکوش نیشانەیە بۆ کرێکارەکان و داسیش نیشانەیە بۆ جووتیارەکان و پێکەوە هاوپەیمانییەتیەک نیشاندەدەن لە پێناو سۆشیالیزم.

Fly Erbil Advertisment