دیندار زێباری: کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی کوردستان گرنگە
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی حوکمڕانی دەستووری.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، دیندار زێباری، رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پێشهاتێکی گرنگی دەستووری و دامەزراوەییە و هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێم، پێشخستنی حوکمڕانی دیموکراتی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەدا، کاراکردنەوەی پەرلەمان لە چوارچێوەی ماددەکانی 117 و 121ی دەستووری کۆماری عێراقدا، رەهەندی دەستووری و یاساییی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەرجەستە دەکات و رۆڵی سەرەکیی ئەم دامەزراوەیە لە یاسادانان، چاودێریی ئەدای حکوومەت و بەهێزکردنی بنەماکانی نوێنەرایەتیی دیموکراتی دەخاتەڕوو.
دیندار زێبار، گرنگیی ئەم پێشهاتەی بە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، بە تایبەتی جێبەجێکردنی راسپاردەکانی خولی چوارەمی میکانیزمی پێداچوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ، پێداچوونەوەکەی لە 27ی کانوونی دووەمی 2025 ئەنجام درا، بەستەوە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان روونی کردەوە، عێراق وەک دەوڵەتی ئەندام، بەرپرسیاریی سەرەکیی بەرامبەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە پەسەندکراوەکان لە ئەستۆیە. لە هەمان کاتدا، دامەزراوە فیدراڵی و هەرێمایەتییەکان پێویستە، هەر یەکەیان لە چوارچێوەی دەسەڵات و بەرپرسیارییە دەستوورییەکانی خۆیاندا، بەشداری لە جێبەجێکردنی ئەو راسپاردانە بکەن.
دیندار زێباری باسی لەوەش کردووە، لەو پەیوەندییەدا، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە ڕێگەی پێداچوونەوە و پەرەپێدانی یاساکانی هەرێم، چاودێریی ئەدای وەزارەت و دامەزراوە حکوومییەکان، بەدواداچوونی جێبەجێکردنی راسپاردە پەیوەندیدارەکانی مافی مرۆڤ و داواکردنی ڕاپۆرتی بەردەوام لە دامەزراوە بەرپرسەکان. ئەم رۆڵە بە تایبەتی لە بوارەکانی مافی ئافرەتان، مافەکانی پێکهاتەکان، ئازادیی رادەربڕین، ئازادییە بنەڕەتییەکان، یاسا و رێسای دەستووری و بەرپرسیارێتیی دامەزراوەییدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
هەروەها راشیگەیاندووە، کاراکردنەوەی پەرلەمان دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لە نێوان پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم لە ئامادەکردن و جێبەجێکردنی پلانەکانی کاری مافی مرۆڤ، کۆکردنەوەی زانیاری و داتا، و نیشاندانی ئەنجامە بەدەستهاتووەکان لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا، بە تایبەتی لە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی راسپاردەکانی UPR.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوە کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان تەنیا پێشهاتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی فیدراڵیزمی دەستووری، پەرەپێدانی حوکمڕانی دیموکراتی و بەرجەستەکردنی بەشداری و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق و پرۆسەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان.