نێچیرڤان بارزانی: پێویستە هێزە سیاسییەکان لە پەرلەمان ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، پەرلەمان دامەزراوەی باڵای نوێنەرایەتیی ئیرادەی تەواوی خەڵکی کوردستانە، هاوکات داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە ناکۆکییەکان لەوێدا یەکلا بکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند "پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەم. پەرلەمان دامەزراوەی باڵای نوێنەرایەتیی ئیرادەی تەواوی خەڵکی کوردستانە، پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان بەشدارییەکی کارای تێدا بکەن و بە گیانی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە، ناکۆکی و جیاوازییەکان لەوێ چارەسەر بکەن."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازێت ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و ئاماژە بەوە دەکات "هیوادارم ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر و هاندەر بێت لە تێپەڕاندنی دۆخی بنبەستی سیاسی و رەخساندنی زەمینەیەکی باشتر بۆ لێکگەیشتن و هاریکاریی زیاتری نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان."
هەروەها نێچیرڤان بارزانی جەخت لە گرنگیی سازان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت "دووپاتی دەکەمەوە گفتوگۆ، سازان و هاوبەشیی نێوان تەواوی هێزە سیاسییەکان، بنەمای تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانن؛ سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان."