بانکی ناوەندی دۆلار بۆ کەرکووک دەنێرێتەوە

بانکی ناوەندی مۆڵەتی کارکردن بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی کەرکووک دەداتەوە

K24 - هەولێر

بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دووبارەی رێگەی کارکردن بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە چەند پارێزگایەک دەدەنەوە کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە کارکردن تێیاندا وەستابوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کارکردن لە ژمارەیەک کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوە لە پارێزگاکانی (نەینەوا، ئەنبار، کەرکووک و سەڵاحەددین) دەستپێدەکاتەوە، کە پێشووتر بێبەشبوون لە وەرگرتنی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندییەوە. هۆکارەکەشی بۆ دۆخی ئەمنی پارێزگاکان دەگەڕێتەوە کە دوای شەڕی داعش کارکردنی ئەو کۆمپانیایانە لە پارێزگاکان قەدەغەکرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کارکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانە دوای هەوڵێکی زۆر بە هاوکاری لایەنە ئەمنییەکان دێت، کە ئامانج لێی سوودمەندبوونی ئەو چوار پارێزگایەیە لە وەرگرتنی دۆلار، لە هەمان کاتدا هاوکار دەبێت لە سەقامگیربوونی بازاڕ.