فەرەنسا: دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قۆناغێکی یەکلاکەرەوەیە

ئاڵای کوردستان و فەرەنسا
ئاڵای کوردستان و فەرەنسا

K24 - هەولێر:

جێگری کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لە تویتێکدا دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە 'قۆناغێکی یەکلاکەرە' ناودەبات.

رۆدۆڵف ریچارد، جێگری کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لە تویتەکەیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەڵێت: دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەیە. گرنگە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و هێزە سیاسییەکان هەماهەنگی بکەن لە پێناو رێکخستنی پرۆسەیەکی هەڵبژاردن کە رێز لە رێسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت.

هاوکات ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە بەغدا، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، کونسوڵخانەی هۆڵەندا و کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر هەریەک بەجیا پێشوازییان لە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد.

دوێنێ پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.