سلێمانی.. یادی 10 ساڵەی کۆچی دوایی "شێرکۆ بێکەس" کرایەوە

K24 – سلێمانی:

لە شاری سلێمانی  یادی 10 ساڵەی کۆچی دوایی "شێرکۆ بێکەس"ی شاعیر کرایەوە، بەم بۆنەیەوە رێکخراوی شار لەژێر ناونیشانی "مانەوە لە لوتکەی شیعر و هەڵوێستدا" مەراسیمێکی سازدا.

خەندە وەردی، بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی شار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، شێرکۆ بێکەس ناوێکی گەورەیە لە ئەدەبی کوردیدا، وشە و هۆنراوەکانی لە تەواوی ئەدەبیاتی کوردیدا رەنگی داوەتەوە، ئەوانیش وەک رێکخراوی شار ئەمە یەکەم ساڵە ئەم یادە دەکەنەوە.

شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەسە، لە ساڵی 1940 لەدایکبووە و یەکێکە لە ناودارترین شاعێرەکانی کورد

شێرکۆ بێکەس لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەگەڵ چەند نووسەرێکی دیکە، رەوتی روانگەیان دامەزراند، هەروەها لەدوای راپەڕینی 1991 دەزگایەکی گەورەی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەناوی (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم) دامەزراند.

ئەو زیاتر لە 30 دیوان و کتێبی شیعریی هەیە، لەوانە (دەربەندی پەپولە، ئێستا کچێك نیشتمانمە، رەنگدان، گۆڕستانی چراکان).

بەشێك لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس وەگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی، سویدی، عەرەبی، فەرەنسی، ئیتاڵی، تورکی، فارسی و ئەڵمانی.  

شێركۆ بێكەس، لە کابینەی یەکەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پۆستی وەزیری رۆشنبیری پێدرا.

لە 17/4/2013 بەهۆی نەخۆشکەوتنی، لە شاری سلێمانییەوە گەیەندرایە وڵاتی سوید، دوای سێ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە لە 4ـی ئابی 2013 دوور لە زێدی خۆی، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆچی دوایی کرد.

Fly Erbil Advertisment