ئایا فیلمی باڕبی لە هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت؟
K24 - هەولێر:
بڕیار بوو لە 31 ئابدا لە یەک کات لە سێ وڵاتی عەرەبی، فیلمە نوێیەکەی باڕبی نمایش بکرێت، بەڵام بە بڕیارێکی وەزارەتی رۆشنبیری ئەو وڵاتانە، نمایشی فیلمەکە قەدەغەکرا و هۆکارەکەشی گەڕێندرایەوە بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و کاریگەریی نەرێنی بەسەر کۆمەڵگەدا.
سەبارەت بە پەخشکردنی فیلمی باڕبی لە هەرێمی کوردستان، شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا هیچ فەرمانێک لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە نەگەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر تا ئەوان رێگری لە نمایشکردنی ئەو فیلمە بکەن، کە ئێستا لە وڵاتانی دنیا پڕ بینەرترین فیلمە و سینەماکانی جیهان داگیرکردووە و زۆرترین خواست لەسەر بینینی ئەو فیلمه هەیە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی رۆشنبیری، نێوەڕۆکی فیلمەکە لەگەڵ نەریتە کۆمەڵایەتیەکانی نێو وڵاتانی عەرەبی ناگونجێت و کاریگەریی خراپی لەسەر منداڵان هەیە و چەند دیمەنێکی نەشیاو تێدایە، کە زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت.
لەبارەی قەدەغەکردنی پەخشی فیلمەکە، شاخەوان مستەفا دەڵێت: ئێمە چاوەڕوانی فەرمانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانین تا بڕیار لە قەدەغەکردنی ئەو فیلمە بدات لە سینەماکانی کوردستاندا، ئەگەرچی ئەو فیلمە لە لیستی فیلمە بازرگانیەکانە و لە بۆکس فیلمی جیهانیدا رێکلامی بۆ کراوە، بەڵام ئێمەش کار لەسەر راگرتنی ئەو بەرهەمە سینەماییە دەکەین، کە ئێستا لە ڤێتنام و سعوودیە و ئیمارات و میسر و چەند وڵاتێکی دیکە قەدەغەکراوە.