ھەیمان تەحسین: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان 296 پارت و نزیکەی 37 هاوپەیمانی تۆمارکراون

ھەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق
ھەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، رایدەگەیەنێت، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تاکوو ئەمڕۆ 296 پارتی سیاسی و نزیکەی 37 هاوپەمانییەتی تۆمارکراون، هەروەها لە 41 هاوپەیمانی کۆن 14ـیان بەشداردەبن لە هەڵبژاردنەکان، هاوکات گوتیشی: 104 پارتی سیاسی سەرپێچی یاسایین هەیە.

ھەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە شاری کەرکووک دوو هاوپەیمانییەتی کوردی دروستکراوە، لە شاری مووسڵیش یەک هاوپەیمانییەتی کوردی دروستکراوە، هەروەها لە بەغدا و شاری واستیش یەک هاوپەیمانییەتی کوردی دروستکراوە.

هاوکات بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، راشیگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تاکوو ئەمڕۆ 296 پارتی سیاسی و نزیکەی 37 هاوپەمانییەتی تۆمارکراون، هەروەها لە 41 هاوپەیمانی کۆن 14یان بەشداردەبن لە هەڵبژاردنەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی تۆماری دەنگەدەران، هەروەها وردبینیش بۆ تۆماری دەنگدەران دەکرێت.

ھەیمان تەحسین، گوتی: 104 پارتی سیاسی سەرپێچی یاسایین هەیە، تۆمار نەکراون، بەهۆی ئەوەی بەشێکیان کۆنگرەیان نەکردوو کە سەرکردەی نوێیان هەڵنەبژاردبوو، بەشێکیان هەژماری بانکیان نەکردبووەوە.

بڕیارە لەڕۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

لەو هەڵبژاردنەدا،  23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

رۆژی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.