نووسینگەی سوودانی: لەگەڵ شاندی پارتی جەخت لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردن کرایەوە

K24 – هەولێر:

نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ شاندی پارتی کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر بەردەوامی گفتووگۆکان بۆ چارەسەری کێشەکان کردەوە، هەروەها جەختیان  لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ( 8ـی ئابی 2023) نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "پێشوازیمان لە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، لە میانەی دیدارەکەدا باسمان لە بارودۆخی گشتی وڵات کرد، هەروەها جەختمان لە گرنگی پاڵپشتیکردنی حکومەت  لە جێبەجێکردنی بەرنامە و سیاسەتە گشتیەکانی لە پێشخستنی واقیعی ئابووری و خزمەتگوزاری وڵات، هاوکات دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان بۆ خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی بارودۆخەکانیان کردەوە".

لەراگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرا، جەخت لە ئەنجامدانی کرایەوە، هەروەها پێویستی دروستکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و بێلایەن کە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە و بەدیهێنانی خواستی هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ سێشەممە (8ـئ ئابی 2023)، نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24 بۆ بەغدا، رایگەیاند، شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەدان، بۆ باسکردنی پرسی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

نەورەس عەبدوڵڵا، ئەوەشی ئاشکراکرد، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سوودانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، کاتژمێر 8:30 لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کۆدەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی دوێنی مالیکی تەندروستی باش نەبوو بۆیە بەشداری کۆبوونەوەکەی شاندی پارتی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی نەکردبوو.

ئاماژەی بەوەشدا، کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سبەینێش بەردەوامی دەبێت و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدەن، لە دوای کۆبوونەوەکانی سبەی، بڕیاروایە بگەڕێنەوە بۆ هەولێر و کۆتایی بەو سەردانە سێ رۆژییەیان بهێنن، دواتر ئەنجامی کۆبوونەوەکان دەخەنە بەردەم سەرۆک بارزانی.

شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و ئەندامییەتی هەر یەکە لە فوئاد حوسێن، هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی، جەعفەر ئێمینکی، شاخەوان عەبدوڵڵا، بەنگین رێکانی، ئومێد سەباح و فارس عیسا پێکهاتوون.