سەندیکای رۆژنامەنووسان لە تاران: زیاتر لە 100 رۆژنامەنووس دەستگیرکراون

وێنەی دوو رۆژنامەنووشی دەستگیرکراو بە ناوەکانی نیلوفەر حەمدی و ئیلۆها محەمەدی لەلایەن رۆژنامەی شەرقی ئێرانیەوە بڵاوکراوەتەوە
وێنەی دوو رۆژنامەنووشی دەستگیرکراو بە ناوەکانی نیلوفەر حەمدی و ئیلۆها محەمەدی لەلایەن رۆژنامەی شەرقی ئێرانیەوە بڵاوکراوەتەوە

K24 - هەولێر

بە پێی ڕاپۆرتی سەندیکای رۆژنامەنووسان لە تاران، دەسەڵاتدارانی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لەسەر کوژرانی مەهسا ئەمینی لە مانگی ئەیلولی 2022 زیاتر لە 100 رۆژنامەنووسیان دەستبەسەر کردووە.

ئەکبەر مۆنتەجبی، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری سەندیکای رۆژنامەنووسان لە تاران، نووسیویەتی لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 رۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون، کە بە تەمەنە رەشەکانی رۆژنامەگەری ناوی بردووە.

ئەکبەر مۆنتەجبی بە رۆژنامەی سازەندەکی ئێرانی راگەیاندووە، کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 رۆژنامەنووس دەستگیرکراون، دەشڵێت: دەستگیرکردنەکان کاریگەرییان لەسەر رەوتی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان نەبووە، وەک ئاو رێگەی خۆی دەدۆزێتەوە.

مونتەجبی دەشڵێت: "سەردەمی رەشی رۆژنامەگەری کۆتایی نەهاتووە، یەکگرتنی دەزگاکان گەورەترین فشار و تیشک دەخاتە سەر دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی رۆژنامەنووسان"، ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژنامەنووسان دوژمن نین ئەوانەی مانەوە و پەنجەرەیان بە کراوەیی هێشتەوە بۆ داوای ئازادی، دوژمن نین و هاوکار نین لەگەڵ وڵاتانی دوژمن، بەڵکو ئەوان بەشێکن لە ئازارەکانی خەڵک.

رۆژنامەی شەرق رایگەیاندووە، کە لیژنەی پشتیوانی لە رۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا چاودێری گرتن یان بانگهێشتکردنی زیاتر لە 90 رۆژنامەنووسیان لە شارە جیاوازەکانی ئێران کردووە.

ئەم لیژنەیە لە مانگی ئەیلولدا بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی ئەو رۆژنامەنووسانە پێکهێنراوە کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەستگیر دەکرێن یان تووشی هەراسانکردن دەبن.

رۆژنامەی شەرق ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا شەش رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و پێنجی دیکەش چاوەروانی بڕیاری دادگا دەکەن.

دوای ئەوەی دەسەڵاتداران هەڵمەتێکیان بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان دەستپێکرد، سەدان خۆپیشاندەر کوژران، لە پەراوێزی خۆپیشاندانەکاندا دەیان کەس لە بەسیج و پۆلیس و ئاسایش گیانیان لەدەستدا، هەروەها 20 هەزار کەس دەستگیرکران و بەشێکی زۆریان بەهۆی تێوەگلانیان لە کوشتنی هێزە ئەمنییەکان رەوانەی دادگا کران، کە دەسەڵاتداران بە گشتی بە ئاژاوەیان دەزانی و زلهێزەکانی رۆژئاوایان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە لە پشتی ئەم خۆپیشاندانەوەن.