بەریتانیا و تورکیا لەسەر پرسی کۆچبەران رێککەوتنێکیان واژۆ کرد

بەلەمێکی کۆچبەران
بەلەمێکی کۆچبەران

K24 - هەولێر

بەریتانیا رایگەیاندووە لەگەڵ تورکیا رێککەوتنێکیان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی هەوڵی خاوکردنەوەی رێڕەوی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە بدات کە بە دەریای ناوەڕاستدا تێدەپەڕن لەکاتی رۆیشتنیان بۆ ئەوروپا، لەنێویاندا ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پۆلیس دژی تۆڕەکانی قاچاخچییەکان.

لەسەر پرسی کۆچبەرانی نایاسایی حکومەتی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پشتگیری لە ناوەندێکی نوێی پۆلیسی تورکیا دەکات کە لەسەر هاوکارییەکانی ئێستا لە جێبەجێکردنی یاسادا بنیات دەنرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان خۆی تورکیا، داتا گومرگیەکان خێراتر هاوبەش دەکرێت.

سوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گوتی: هاوبەشیمان لەگەڵ تورکیا کە دۆست و هاوپەیمانێکی نزیکە، ​​دەبێتە هۆی ئەوەی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسامان پێکەوە کار لەسەر ئەم کێشە نێودەوڵەتییە بکەن و مامەڵە لەگەڵ دابینکردنی بەلەمی بچووکدا بکەن.

ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کەمکردنەوەی ژمارەی هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ بەریتانیا کردە بەڵێنێکی سەرەکی ئەمساڵ، لە کاتێکدا هەوڵدەدات ئەو بۆشاییە بچووک بکاتەوە کە پێشەنگی بەهێزی بۆ پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن لە راپرسییەکاندا بەجێی هێشتووە.