حكومەتی ھەرێمی كوردستان پابەندی تەواوی رێككەوتنەکەی لهگهڵ بهغدا بووە
K24 - هەولێر
حكومەتی ھەرێمی كوردستان پابەندی تەواوی ئەو رێككەوتنە بووە كە لەگەڵ حكومەتی عێراق واژووی كردووە بۆ ناردنی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق دەبوو بۆ مانگی شەش زیاتر لە ترلیۆنێك دینار بنێرێت، بەڵام 598 ملیار دیناری نارد و ئەمەش وایكرد كورتھێنان لە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران دروست ببێت.
پێشتر بڕیاردرا داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بانکی منارە، بۆ ئەوەی ئەو داهاتە بە یەکسانی بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێتەوە، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق داوا دەکات کۆی داهاتە ناوخۆییەکان بگەڕێتەوە بانکی ناوەندی لقی هەولێر، کە حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە بەکاری دەهێنێ.
مەولود سابیر، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق داوایانکردووە، دوو هەژماری بانکی ناوەندی عێراق لقی هەولێر بکرێتەوە، بۆ ئەوەی داهاتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە 1/8/2023وە بچێتە ئەو بانکە و لەوێ کۆبکرێتەوە".
بۆ مووچەی مانگی حوزەیرانی 2023، حکومەتی عێراق بڕی 598 ملیار دیناری بۆ هەریمی کوردستان نارد، ئەم بڕەش بەشی مووچەخۆرانی نەکرد و زیاتر لە 321 ملیار دینار کورتهێنانی لە مووچەدا دروست کرد، داهاتی ناوخۆی ئەم مانگەش نەگەیشتە ئاستی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، بەڵام حکومەتی هەرێم لیستی دابەشکردنی تەواوی مووچەخۆرانی راگەیاند و لە دابەشکردنی مووجە بەردەوامە. گوتەبێژی وەزارەتی دارایش دەڵێت: حکومەتی عێراق دەبێت بۆ لەمەودوا مانگانە بری ترلیۆنێک و 174 ملیاردینار بنێرێت.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "کۆمەڵێک پابەندی بۆ هەرێمی کوردستان دیارییکراوە و هەموومان جێبەجێ کردووە، ئێستا چاودێری دارایی عێراقیش لە هەولێرن بۆ وردبینی لە داتا و ژمارەکان، 174 ملیار دینار لە بودجەی گشتی عیراق وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، چاوەڕوانین لەگەڵ جێبەجێکردنی بودجە حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی بنێرێت، چونکە هیچ بیانویەک نەماوە".