تورکیا و پاکستان و سعوودیە هاوکاریی سەربازی فراوان دەکەن

یاسای پەسەندکردنی "رێککەوتنی مەککە" کە 7ـی ئاب لەنێوان تورکیا، پاکستان و سعوودیە لە مەککە واژۆکرا، لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەگوێرەی  رێککەوتنەکە، هەرسێ وڵات لە بوارەکانی بەرگری و ئاسایش، هەروەها لە پیشەسازیی بەرگریدا پڕۆژەی هاوبەش گەشەپێدەدەن. لەم چوارچێوەیەدا، هاوبەشیکردنی تەکنەلۆژیا، بەرهەمهێنانی هاوبەش و پڕۆژەکانی توێژینەوە و گەشەپێدان لەنێوان دامەزراوەکانی پیشەسازیی بەرگریی لایەنەکاندا پشتگیری دەکرێن، داهێنانی بەرگری هان دەدرێت و سەرچاوەی مرۆیی پێویست بۆ ئەو کەرتە پێدەگەیەنرێت.

بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریی سەربازیش، ئاڵوگۆڕی کەسی، بەرنامەی مەشق و راهێنانی هاوبەش و مانۆڕ لەنێوان دامەزراوە بەرگرییەکاندا رێکدەخرێت، بەمەش توانای کارکردنی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی هەرسێ وڵات بەهێز دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکەدا هاتووە، هاوکارییەکان لە ئاستی کردەییدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تیرۆر، کە ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەخەنە مەترسییەوە، فراوان دەکرێن. لایەنەکان لەسەر پرسە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان راوێژی بەردەوام دەکەن و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانیان، بەپێی هەڵسەنگاندنی هاوبەش رێوشوێنی تاکەکەسی و پێکەوەیی دەگرنەبەر.

ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان لە رێگەی کەناڵی ئەمنیی دیاریکراو و بەپێی رێساکانی پاراستنی نهێنی و ئاسایشی زانیاری دەبێت. هاوکات لە کاتی ئاشتی، جەنگ و دۆخی نائاساییدا، پشتیوانیی لۆجستیکی لەوانەش دابینکردنی چەک، تەقەمەنی، سووتەمەنی و پارچەی یەدەگ مسۆگەر دەکرێت.

بۆ سەرپەرشتیکردنی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، کۆمیتەی سیاسی و بەرگریی ستراتیژی لە وەزیرانی دەرەوە، وەزیرانی بەرگری و سەرۆک ئەرکانی هەرسێ وڵات پێکدەهێنرێت. کۆمیتەکە بە شێوەیەکی ئاسایی ساڵانە دوو جار کۆدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر سەرکردەکان بە پێویستی بزانن، دەکرێت ساڵانە یەک جار کۆببێتەوە، هەروەها لە کاتی پێویستیشدا دەسەڵاتی دروستکردنی کۆمیتەی لاوەکیی دەبێت.

هەروا بۆ راپەڕاندنی کاروباری کۆمیتەکە، سکرتاریەتێک لە سعوودیە دادەمەزرێت. پۆستی سکرتێریی گشتی بۆ ماوەی سێ ساڵ بەشێوەی خولی لەنێوان ئەو سێ وڵاتەدا دەستاودەست دەکات و لە قۆناخی یەکەمیشدا هاووڵاتییەکی پاکستانی ئەو ئەرکە وەردەگرێت. هاوکات بەشداریکردنی وڵاتانی دیکەش لە رێککەوتنەکەدا، بەستراوەتەوە بە رەزامەندیی لایەنەکان و ئەو رێکارانەی دواتر دیاری دەکرێن.

رێککەوتنەکە بۆ ماوەیەکی نادیارە و لەو رۆژەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە لایەنەکان پرۆسەی پەسەندکردنی نیشتمانی تەواو دەکەن و کۆتا بەڵگەنامەی پەسەندکردن رادەستی سکرتاریەت دەکەن.

سەبارەت بە مەرجەکانی کشانەوەش، دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر چوونە بواری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا، هەر لایەنێک دەتوانێت بە ئاگادارکردنەوەی نووسراو و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە داوای کشانەوە بکات.