کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی سەرۆکی هەرێم دەداتەوە
K24 - هەولێر
گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، گفتوگۆیان لەسەر نوسراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمسیۆن بڕیاریداوە کە ئیدارەی هەڵبژاردنەکان رابسپێرێت بۆ ئامادەکردنی خشتەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بەکوردستان24ی راگەیاند، ئەمرۆ لە سەرۆکایەتی دیوان، لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە، گفتوگۆ لەسەر نوسراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرا.
گوتیشی: دوای وردبوونەوە لە نێوان ئەندامانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ئەنجومەنی کۆمسیۆن بڕیاریدا کە ئیدارەی هەڵبژاردنەکان رابسپێرێت بۆ ئامادەکردنی خشتەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە مەرسومی هەرێمی بۆ دەرچووە لە 25 شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت، بۆ ئەمەش کۆمسیۆن دواتر ئاماژە بەکاتی پرۆسەکە دەکات.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەبارەی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دڵشاد شەهاب، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان دڵنیاییان وەرگرتووە لەوەی کە ماوەی کارکردنی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە کە لە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆتاییدێت، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە راگەیاندنی ئەنجامەکانەوە تا پەسەندکردنی دانانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە هەندێک لە رێکارەکان پێویستی بە 90 رۆژە.