ئێران ئەمەریکا ناچاردەکات هێلیکۆپتەرێکی لە گەرووی هورمز بکشێنێتەوە
K24 - هەولێر
فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران عەلی رەزا تەنگسیری، رایگەیاند، بەلەمەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکایان ناچار کردووە ئەو هەلیکۆپتەرەی لەسەر کەشتیەکەبووە نەهێڵن.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم رایگەیاند، لە کۆتایی دانیشتنی 24ی ئەنجومەنی باڵای فەرماندەکان و بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران، وێنەی دوایین چاودێری کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکا لە گەرووی هورمز نیشان دراوە.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکرد: هێزی دەریایی سوپای پاسداران و وڵاتانی دراوسێی ناوچەی کەنداو توانای ئەوەیان هەیە ئاسایش دابنێن و پێویستیان بە بوونی هێزی بیانی نییە لە ناوچەکەدا.
دەشڵێت: خەڵکی ئێران بەتایبەتی هێزی دەریایی پاسداران رێگە نادات ئەم ناوچە ستراتیژییە جارێکی دیکە ببێتە شانۆیەک بۆ دوژمنەکانی خەڵک و ناسەقامگیرکەرانی ئاسایش لە کەنداو و گەرووی هۆرمز.
جەنەراڵ عەبدولڕەحیم موسەوی فەرماندەی گشتی سوپای ئێران گوتی: "دوژمنەکانی تاران چیتر هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە جگە لە گۆڕینی ستراتیژی و پلانە ترسناکەکانیان دژی تاران".
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمەریکا هێزە سەربازییەکانی ئێران تۆمەتبار دەکات بە تێوەگلان لە رووداوە بەردەوامەکانی رێگریکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و کەنداوی عومان، ئێرانیش تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە.