کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ژمارە 56 لە ریزبەندی لیستی بەشداربووانی هەڵبژاردنەکان لادەبات

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 - هەولێر

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا ژمارە 56، لە ریزبەندی لیستی ژمارەی بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنەکانی پاریزگاکان لاببات، کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 18ی کانوونی دووەم ئەنجام بدرێت، پێشبینیش دەکرێت زیاتر لە 280 لایەن بەشداربن کە زۆربەیان دابەشبوون بەسەر 50 هاوپەیمانی سیاسی.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاریدا ژمارە 56، لە ریزبەندی لیستی ژمارەی بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان لاببات، هەروەها کۆمسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هەرگیز بڕیارێکی لەم جۆرەی نەداوە، بەو پێیەی هاوپەیمانی "سائیرون"ی رەوتی سەدری لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا، ریزبەندی 156ی بەدەستهێنابوو، ئەمەش وایکرد ژمارەکانی لیستی هەڵبژاردنەکان بەزۆری لە ژمارە 100ەوە دەست پێبکات بەرەو سەرەوە.

ژمارەی 56 لە عێراق زۆرجار دەچێتە چوارچێوەی گاڵتەکردنەوە، کاتێک پەیوەندی بە کەسێکەوە هەیە، هەروەها کاتێک دەگوترێت پیاوەکە تەمەنی 56 ساڵە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بە ساختەکاری و فێڵکردن لە کەسانی دیکە وەسف دەکرێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی پەیوەندی بە کەیسەکانی ساختەکارییەوە، کە لەلایەن تاوانبارانەوە ئەنجام دەدرێت بۆ فریودانی هاووڵاتیان بۆ بەدەستهێنانی سوودی ماددی یان ئەخلاقی، و سزاکەشی تا پێنج ساڵ زیندانیکردنە.

سەرچاوەکانی کۆمسیۆن دەڵێن "دەرکردنی ئەو بڕیارە بۆ ئەوە هاتووە کە رێگری بکرێت لە بەئامانجکردنی ئەو لیستەی کە ئەم ژمارەیەی هەڵگرتووە، چونکە گاڵتەجاڕی و سووکایەتیکردن لای هاووڵاتیانی عێراقی زیاتر دەکات".

Fly Erbil Advertisment