ئەمەریکا: رێککەوتنمان لەگەڵ ئێران بۆ ئازادکردنی زیندانیەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامە

K24 - هەولێر
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دەڵێت: ئەمەریکا پێی وایە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ئازادکردنی پێنج هاووڵاتیە ئەمەریکیەکە لە لایەن ئێرانەوە هێشتا ماوە.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمەریکا پێی وایە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ئازادکردنی پێنج هاووڵاتیە ئەمەریکیەکە لە لایەن ئێرانەوە هێشتا ماوە، بەڵام هیچ کاتێکی دیاریکراوی نەخستە روو.
ئێران داوای کردووە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو پێنج ئەمەریکیە، پارە بلۆککراوەکانی لەکۆریای باشوور ئازاد بکرێت، کە بڕەکەی شەش ملیار دۆلارە.
سولیڤان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئێمە پێمان وایە شتەکان بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە بەڕێوەدەچن کە لەگەڵ ئێران هەمانە، خشتەی کاتیی وردم بۆ ئێوە نییە، چونکە چەند هەنگاوێک هەن، کە نابێت ئێستا ئاشکرا بکرێن، بەڵام ئێمە پێمان وایە کە ئەم تێگەیشتنە هێشتا بوونی هەیە.
رێگەدان بە ئازادکردنی ئەو پێنج ئەمەریکییەی ئێران کە رەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت، بەمەش یەکێک لە خاڵە نەرێنییەکانی پەیوەندی نێوان واشنتن و تاران لادەبات، کە تا ئێستاش لە چەند دۆسییەیەکدا لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە تا پشتیوانی تاران لە میلیشیا چەکدارەکان لە ناوچەکەدا ناکۆکییان لەسەرە.
ئەو ئەمریکیە بەرەگەز ئێرانیانە کە لە 10ی ئابدا رێگەیان پێدراوە لە زیندانی ئێڤین دەربچن، بازرگانان سیامەک نەمازی 51 ساڵ، عیماد شەرقی 58 ساڵ و چالاکوانی ژینگەپارێزی موراد تەهباز 67 ساڵی تێدایە، کە هاوکات خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانیاشە. تا ئێستا ناسنامەی چوارەم و پێنجەم هاووڵاتیە ئەمەریکیەکانی دیکە ئاشکرا نەکراوە.