په‌یمانگه‌ی واشنتن هۆشداری دەدات لە گەڕانەوەی عێراق بۆ ژێر بەندی حەوتەم

بەغدا، 30ـی تەمووزی 2022، وێنە: AFP
بەغدا، 30ـی تەمووزی 2022، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

په‌یمانگه‌ی واشنتن بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، شیکردنەوەیەکی لەبارەی دۆخی عێراق و ئەو قەیرانانەی کە پێیدا تێدەپەڕێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و، تێدا ئاماژه‌ به‌ شکستی حکومەتە فیدراڵییە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، گەڕانەوەی عێراق له‌ژێر به‌ندی حەوتەمی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان زیاتر دوورده‌خاته‌وه‌.

لە شیکردنەوەکەدا هاتووە، لەڕاستیدا گەڕانەوەی عێراق لە وەسفکردنی دەوڵەتێک کە پەنا بۆ توندوتیژی دەبات بۆ وەسفکردنی وه‌ك "دەوڵەتێکی ئاسایی" پێویستی بە سیاسەت و رێکاری ئاڵۆز هەیە و کاتێکی زۆری دەوێت. جگە لەوەش کێشەی تێکەڵنەبوونی عێراق لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانە ناوخۆییە بەردەوامەکانی، كه‌ لە ساڵی 2003ـەوە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان وڵاتیان لە قەیرانی ململانێی ناوخۆیی ئاڵۆز، تیرۆر، گەندەڵی، ئاژاوەگێڕی و جەمسەرگیریی سیاسی نقووم كردووه‌ و، وایكردووه‌ ئەم حکومەتانە لەبری گەڕانەوەی عێراق بۆ دۆخی ئاسایی، بوونەتە حکومەتی چاودێر و هەریەکەیان قەیران بۆ حکومەتی داهاتوو به‌جێ ده‌هێڵێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی په‌یمانگه‌ی واشنتندا هاتووه‌، ئەمڕۆ دەوڵەت توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی نییە كه‌ بەپێی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی لەگەڵ ئەمەریکا کە هاوپەیمانی سەرەکیه‌تی ئەنجامیداوە، به‌ڵام بەرپرسانی عێراقی دەبێت درک بەوە بکەن، بەبێ دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواوەتی بە دەرەنجامەکانی بڕیارەکانی به‌ندی حەوتەم و شەشەمی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبه‌ت به‌ میساقی پەیوەندیدار بە کوێت و پرسەکانی دیكه، هیچ پێشکەوتنێکی راستەقینە بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ر نابێت.

حکومەتی عێراق لە حوزەیرانی 2013 دوای 23 ساڵ، سزاکانی بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر هەڵگیرا و لە شوباتی 2022 تەواوی قەرزەکانی کوێتی دایەوە کە بڕەکەی 50 ملیار دۆلاری تێپەڕاند.

په‌یمانگه‌ی واشنتن ئاماژەی بەوەداوه‌، عێراق هەمیشە شوێنێكی له‌بار بووه‌ بۆ ژمارەیەک له‌و میلیشیا مەترسیدارانه‌ی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، به‌تایبه‌ت ئەو گرووپانەی ئەمەریکا لە لیستی تیرۆردا تۆماری كردوون، وەک عەسائیب ئەهلی حەق و كه‌تایبی حیزبوڵڵا كه‌ لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە دەسەڵاتدان.

راپۆرتە شیکارییەکە جەخت لەوەش ده‌کاتەوە، كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی عێراق هه‌نگاوێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیی دۆسییه‌كانی شه‌فافیه‌ت و گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ كه‌رتی بانكی و دارایی، كه‌ ئه‌ویش خاڵێكی چه‌سپاوه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مەریكا، جگه‌ له‌وه‌ش دووركه‌وتنه‌وه‌ی عێراق له‌ مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ وڵاتی چین یان وڵاتانی دیكه‌، واده‌كات ئەمەریکا زیاتر متمانه‌ به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی بكات.