زانیاریی ورد لەسەر گیانلەدەستدانی پریگۆژین و هاوشێوەکانی

یەڤگینی پریگۆژین و ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپی ڤاگنەر (ئەرشیف)
یەڤگینی پریگۆژین و ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپی ڤاگنەر (ئەرشیف)

K24 - هەولێر:

شەوی رابردوو ئاژانسی ھەواڵیی تاسی رووسی بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی تایبەت لە ھەرێمی تڤێری باشووری رووسیا کەوتووەتە خوارەوە، لە ئاکامدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا و لەنێویاندا یەڤگینی پریگۆژین، دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەر ھەیە.

دوێنێ چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، فڕۆکەیەکی تایبەت کە دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین و نۆ کەسی دیکەی تێدابوو، لە باشووری رووسیا کەوتەخوارەوە.

لەوبارەیەوە ئاژانسی ھەواڵیی تاس لەسەر زاری دەزگای گواستنەوەی ئاسمانیی فیدراڵیی رووسیا بڵاویکردەوە، فڕۆکەکە لە ھەرێمی تڤێری باشووری رووسیا کەوتووەتە خوارەوە و لە ئاکامدا، 10 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەر، یەڤگینی پریگۆژین ھەیە.

جگە لە پریگۆژین، فەرماندەیەکی ڤاگنەر بەناوی دیمیتری ئوتکین لەنێو فڕۆکەکەدا بووە و ئەویش گیانی لەدەستداوە.

ھاوکات کەناڵێکی تێلگرام بەناوی "گرەی زۆن"، کە نزیکە لە گرووپی ڤاگنەر، بانگەشەی ئەوەی کردووە، فڕۆکەکە لەلایەن "رووسە خیانەتکارەکانەوە" خراوەتەخوارەوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی فریاکەوتنی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، فڕۆکە تایبەتەکە لە مۆسکۆوە دەچووە شاری سانت پیتەرسبورگ، بەڵام لە ھەرێمی تڤێر کەوتووەتە خوارەوە و لە ئاکامدا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەندامانی گرووپی ڤاگنەر بە سەرۆکایەتی، یەڤگینی پریگۆژین، رۆژی 24ی حوزەیرانی 2023، لە حکومەتی ڕووسیا یاخیبوون، ئۆکراینایان بەجێهێشت، چوونە نێو ناوچەی رۆستۆڤ لەسەر سنوور و لەو ناوچەیەوە بەرەو شاری مۆسکۆی پایتەخت پێشڕەوییان کرد؛ بەڵام دواتر بە نێوەندگیری ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی سەرکۆماری بێلاڕووس،  یاخیبوونەکە کۆتایی ھات و چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر گواسترانەوە بۆ بێلاڕووس.

هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر، شەرمەزارییەکی گەورەی بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا دروستکرد، وەک کەناڵی BBC بەریتانیش ئاماژەی پێدەکات، لەدوای یاخیبوونەکەی ڤاگنەر، ئایا چارەنووسی پریگۆژین بە کوێ دەگات؟ ئایا هەر بەڕاستی دەسەڵاردارانی رووسیا لێی خۆش دەبن؟

ئەمە یەکەمجار نییە، چارەنووسی یاخیبووان لە رووسیا بە مردن کۆتایی بێت. لە ساڵی 2006، ئەلێکساندەر لیتڤینێنکۆ، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری رووسیا کە لە دەسەڵاتی رووسیا هەڵگەڕابووەوە و چوو بووە بەریتانیا، دوای ئەوەی بە پۆلۆنیۆم-210ی تیشکدەر ژەهراوی بوو، لە نەخۆشخانەیەکی لەندەن بە شێوەیەکی خاو و ئازاربەخش گیانی لەدەستدا.

لەکاتی لێکۆڵینەوە لەو رووداوەدا، سەرچاوەی ژەهرەکە لە تاقیگەکانی حکومەتی رووسیاوە بووە و لەلایەن دوو کەسەوە هێنراوەتە بەریتانیا، هەرچەندە مۆسکۆ رەتیکردەوە دەستی لە کوشتنی ئەو ئەفسەرەدا هەبووبێت، بەڵام لەهەمانکاتدا رازی نەبوو ئەو دوو کەسەی ژەهرەکەیان بردووەتە بەریتانیا، رادەستی دادگا بکات.

پاشان سێرگی سکریپاڵ، ئەفسەری پێشووی کەی جی بیی رووسی کە لە حکومەت هەڵگەڕایەوە و پەیوەندی بە بەریتانیاوە کرد، لە ساڵی 2018، خۆی و کچەکەی بە ئەستەم لە مردن رزگاریان بوو کاتێک ماددەیەکی کوشندە خرایە سەر دەسکی دەرگای ماڵەکەی لە شاری سالزبێری. دواتر شووشەیەکی بۆنی فڕێدراو کە ماددە کوشندەکەی تێدابوو، لەلایەن هاوڵاتییەکی دانیشتووی ناوچەکەی ویلتشایرەوە دۆزرایەوە، کە دوای ئەوەی لە وایزانی بۆنە و ماددەکەی بە مەچەکیدا پرژاند، گیانی لەدەستدا.