دووەمجارە کۆریای باکوور لە رەوانەکردنی مانگی دەستکردی سیخوڕی شکست دەهێنێت
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیایی فەرمی پیۆنگیانگ رایگەیاند، بۆجاری دووەم پیۆنگ یانگ مانگی دەستکردی سیخوڕی سەربازی بۆ بۆشایی ئاسمان رەوانەکرد بەڵام شکستی هێنا.
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، رەوانەکردنی مانگی دەستکردی سیخوڕی بۆ بۆشایی ئاسمان لە وڵاتەکەی، کردە ئەولەویەتی سەرەکی و رایگەیاند، هاوسەنگییەکی پێویستە لە بەرامبەر بوونی سەربازانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، "ئیدارەی گەشەپێدانی ئاسمانی نیشتمانی کۆریای باکوور، "دووەم مانگی دەستکردی سیخوڕی 'مالێگیۆنگ-1ی لە رێگەی موشەکی مۆدێرنی چۆلیما-1، لە شوێنی هەڵدانی مانگی دەستکردی سۆهای لە ناوچەی چۆڵسان لە پیۆنگانی باکوور ئەنجامداوە".
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد: رەوانەکردنی مووشەکەکە لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام بەهۆی هەڵەیەک لە سیستەمی تەقینەوەی فریاگوزاری لە قۆناغی سێیەمدا مووشەکەکە شکستی هێناوە.
بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی بۆشایی ئاسمانی نیشتمانی کۆریای باکوور رایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمدا سێیەم هەوڵی هەڵدانی مووشەک ئەنجام دەدات، ئەمەش دوای لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری شکستەکانی رابردوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، کۆریای باکوور مووشەکێکی لە باشووری ژاپۆن بەرەو زەریای هێمن هەڵداوە و دوای هەڵدانی مووشەکەکەش هیچ هەواڵێک لەبارەی زیانگەیاندن ئاشکرا نەکراوە.