پارتی بە ناو و لۆگۆی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات

کوردستان24 لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڵاودەکاتەوە

پارتی لە کەرکووک
پارتی لە کەرکووک

K24 – هەولێر:

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو و لۆگۆی خۆی بەشداری دەکات و لیستەکەشی لە 30 کەسایەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کەرکووک پێکدێت.

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق ئەنجام بدرێت کە لە ساڵی 2005ـەوە ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایە لە شاری کەرکووک بەڕێوەبچێت.

لەلایەن خۆیەوە، سامان رەشید، رێگەپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی بە ناو و لۆگۆی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات و لیستەکەشی لە 30 کەسایەتی پێکهاتووە و ناوەکانیان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە.

سامان رەشید، ئاماژەی بەوەشکرد، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. نوێنەری تەواوی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی پارێزگاکەی لەخۆگرتووە و سەرجەم چین و توێژەکان، پسپۆرییە جیاوازەکان و ناوچە جوگرافییەکانی پارێزگای کەرکووکیش نوێنەریان لە لیستەکەدا هەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکانی هەڵبژاردن، پێویستە رێژەی ئافرەتان لە 25% کەمتر نەبێت، و لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەو رێژەیەش زیاتر نوێنەری ئافرەتی لەخۆگرتووە.

هاوکات بەپێی ئەو لیستەی لەلایەن پارتییەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێشکەشکراوە، حەسەن مەجید رەشید، سەرۆکی لیستەکە دەبێت و نوێنەری چەند لایەنێکی دیکەی سیاسیی و کەسایەتی دیاری پارێزگای کەرکووکیش لە لیستەکەدا ناویان هەیە.

لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، 16 هاوپەیمانی کێبڕكێ دەکەن لەسەر 15 کورسیی ئەنجوومەنەکە و کورد بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بە چەند لیست و هاوپەیمانییەکی جیاواز بەشداری دەکات، جگەلە لیستی پارتیش، یەکێتی و حزبی شیوعی هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (کەرکووک، هێز و ئیرادەمانە) دروستکردووە، هەروەها یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هاوپەیمانیەتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (مەشخەڵی کەرکووک) دروستکردووە، نەوەی نوێش بەجیا بەشداری دەکات.

رۆژی (12ـی ئابی 2023) کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و چەند پەرلەمانتارێکی کەرکووک و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک ئەنجامدرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کۆمیسیۆن ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957 بکاتە بنەما بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.

شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێتە بنەما بۆ ئەوەی روونبێتەوە کێ نەوەی رەسەنی کەرکووکە، بەتایبەتی ئەم سەرژمێرییە دەگەڕێتەوە بۆ پێش سیاستەکانی بەعەرەبکردن، ئەمە گرنگە بۆ دەرخستنی ئەو کەسانەی دوای 2003 و 2015 و 2016 هاتوونەتە کەرکووکەوە، هەربۆیە گەر ئەوان لە بەڵگەنامەی سەرژمێری ساڵی 1957 نەبن ناتوانن وەک هاووڵاتی کەرکووک هەژمار بکرێن.

لە ماددەی 13ـی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەو خاڵە جێگیرکراوە کە ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957 یەکێک بێت لە بنەماکانی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.

لە هەڵبژاردنەکانی 2005ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی كەركووك، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و 26 کورسی لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک.