پێنتاگۆن: کوژرانی فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر پشتڕاست دەکەینەوە

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند،"هەڵسەنگاندنی سەرەتاییەکانمان دەریدەخەن، یەڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر کوژراوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە (24ـی ئابی 2023)، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند،"هەڵسەنگاندنی سەرەتاییەکانمان دەریدەخەن، یەڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر کوژراوە"، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، "تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان بۆ پشتڕاستکردنەوەی راپۆرتی ئاژانسەکانی راگەیاندن سەبارەت بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە لە رێگەی هێرشی مووشەکی زەمینی بۆ ئاسمان نییە".

گوتیشی: "وای بۆ دەچین ئەم زانیارییانە کە بڵاوبوونەتەوە نا راستبن، هیچ شتێک یاخود زانیارییەک نییە دەریبخات، مووشەکی زەمینی بۆ ئاسمان بەکارهاتووە."

دووای ئەوەی لە رووسیا فرۆکەیەکی تایبەت کەوتووە خوارەوە و هەر 10 سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستداوە ئاژانسەکانی رووسیا باسیان لە گیان لەدەستدانی یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر کرد.

وەزارەتی باری لەناکاوی رووسیا رایگەیاند، فرۆکەکە لە مۆسکۆوە بەرەو شاری سەینتپترسبۆرگ فڕیوە لە نزیک گوندی کوژینکینۆ کەوتووەتە خوارەوە و 10 سەرنشینی تێدابووە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.

چوارشەممە (23ـی ئابی 2023)، ئادرین واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاندووە، راپۆرتەکانمان بینی سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ئەگەر پشتڕاستکرایەوە، نابێت کەس سەری بسوڕمێت.

کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، جۆ بایدن سەرۆک کۆمار ئاگادارکراوەتەوە لەسەر رووداوەکە، کە تێیدا فڕۆکەیەکی تایبەت لە باکووری رۆژئاوای مۆسکۆ کەوتە خوارەوە.

پریگۆژین رۆژێک لەمەوبەر لە وڵاتێکی ئەفریقیەوە گەڕاببوەوە رووسیا، ویستبووی لەگەڵ نۆ کەسی دیکە لەرێگەی فرۆکەیەکی تایبەتەوە لە مۆسکۆوە بچێتە شاری سەینت پێترسبێرگ و فرۆکەکەی لە هەرێمی تڤێر کەوتە خوارەوە، فەرماندەی گروپی ڤاگنەر و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا. راگەیاندنی گروپی ڤاگنەر دەڵێت، "خستنەخوارەوەی فرۆکەکەی پریگۆژین پلان بۆ دارێژراو بووە".

ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا نە کرملین نە وەزارەتی بەرگری رووسیا بەفەرمی کوژرانی یەڤگینی پریگۆژینیان پشتراست نەکردووەتەوە و ئەوەی دەگوترێت تەنیا لە میدیاکانی ئەو وڵاتەوە بڵاوبووەتەوە.

یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر لە ساڵی 1961 لەدایک بووە بە شێفەکەی پوتن ناسرابوو، لە ساڵی 2014 لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گرووپی ڤاگنەریان دامەزراند، ئەم گرووپە لە وڵاتەکانی رووسیا، بێلاڕووس، ئۆکرانیا، سووریا، سودان، مۆزەمبیق، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، مالی و لیبیا، چالاکییان هەیە.

دەگوترێت ئەو گرووپە بەشداری لە چالاکییە سەربازییەکان دەکات لە ژمارەیەک وڵات کە شایەتحاڵی ململانێ ناوخۆییەکانن، لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانیان، بۆ نموونە باس لەوە کرا کە ئەندامانی ئەو گرووپە پاسەوانی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریادایە، لە بەرامبەردا رێژەیەک لە داهاتی ئەو کێڵگەیە دەبات.

لە رۆژی چوارشەممە (23ـی ئابی 2023)، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک کە لە مۆسکۆوە بەرەو شاری سەینتپترسبۆرگ فڕیوە لە نزیک گوندی کوژینکینۆ، یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر و سەرجەم سەرنشینەکانی فڕۆکەکە کە ژمارەیان 10 کەس بوو گیانیان لە دەستدا.