بەرپرسێکی ئەنجوومەنی ئاسایش: داعش دەیەوێت جارێکی دیکە سەرهەڵبداتەوە
K24 - هەولێر
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەدەن، داعش مەترسییەکی زۆری بۆ سەر ئەو ناوچانە هەیە کە شەڕیان لێیە. بەڕێوبەری جێبەجێکاری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی داعش هیچ ناوچەیەکی بەدەستەوە نەماوە، بەڵام دەیەوێت جارێکی دیکە سەرهەڵبداتەوە.
لە کۆبوونەوەی ژمارە، 9 هەزار و 405ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرپرسانی رێکخراوەکە لەبارەی مەترسی و هەڕەشەکانی داعش و هەوڵەکانی بۆ سەرهەڵدانەوە، هۆشداریان بە ئەنجوومەنی ئاسایش دا.
ڤلادیمێر ڤۆرۆنکۆ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند، مەترسییەکانی داعش هەروەک چۆن لە ناوچەکانی شەڕ بەردەوامە بەهەمان شێوە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئەو ناوچانە هەڕەشەکانیان هەر بەردەوامە.
ڤلادیمێر ڤۆرۆنکۆ، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گوتی: "داعش و شوێنکەوتووانی هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ناوچەکانی شەڕ و وڵاتانی دراوسێی، بەڵام ئاستی هەڕەشەکان لەو ناوچانەی شەڕیان لێ نییە کەمترە، لە چەند بەشێکی ئەفریقا، فراوانبوونی داعش و گرووپە شوێنکەوتووەکانی و هەروەها بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژی و هەڕەشە مایەی نیگەرانین. بە ئامانجگرتنی سەرچاوەی دارایی داعش و سەرکردەکانی سەرکەوتوو بووە، ئەمانە کاریگەرییان لەسەر ئۆپەراسیۆنی رێکخراوەکە لە عێراق و سووریا و ناوچەکانی دیکەش هەبووە".
جێگرەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشدا، دۆخی ئەفغانستانیش ئاڵۆزتر بووە بەهۆی ئەوەی چەک و تەقەمەنی کەوتووەتە دەست گرووپە تیرۆرستییەکان.
لەلایەکی دیکەوە نەتالیا گێرمەن، بەڕێوبەری جێبەجێکاری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئاشکرایکرد، سەرەڕای ئەوەی داعش هیچ ناوچەیەک لەژێر دەستدا نەماوە، بەڵام ئێستاش لەهەوڵی ئەوەیە جارێکی دیکە سەرهەڵبداتەوە.
نەتالیا گێرمەن ئەوەشی خستەڕوو: "داعش چالاک ماوەتەوە و چاوی لەوەیە سەرهەڵبداتەوە، سەرەڕای ئەوەی هیچ ناوچەیەک لەژیر کۆنتڕۆڵیدا نەماوە، چالاکییە تیرۆرستییەکان بەردەوامن لەو شوێنانەی شەڕی لێیە، هەروەها چەندین گرووپی تیرۆرستی لە چەندین ناوچەکە چالاکییان هەیە، دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی چەکدار لە ناوچە نەوێکان ئالنگاری نوێیان بۆ وڵاتانی ئەندام دروست کردووە."
رێکخراوی داعش لە ئاداری 2019 کۆتا شوێنی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لە دەستدا. ماتیو مەکفەرلەین، فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش رایگەیاند، ئەمساڵ چالاکییەکانی داعش بەراورد بە ساڵی رابردوو لە ٪65 کەمیکردووە، بەڵام هۆشداریدا، کە داعش بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە لەژێر پارێزگاری هاوپەیمانێتیەکەدانین.
ناوەڕاستی ساڵی 2014 رێکخراوی تیرۆریستی داعش ژمارەیەک ناوچەی بەرفراوانی لە عێراق و سووریا کۆنترۆڵکرد و "خەلافەتی" راگەیاند. پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان بە پشتیوانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا هەروەها هێزەکانی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی، نزیکەی تەواوی ناوچەکانیان لە ژێر دەستی گرووپە پەڕگیرەکە دەرهێنا، بەڵام دوای کوژرانی هەزاران کەس و وێرانبوونی چەندین شار.
ساڵی 2017 لە عێراق و باشووری کوردستان هەروەها ساڵی 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەزاندنی داعش راگەیەندرا. ساڵی 2019، هەڵسەنگاندنێکی باو هەبوو بەوەی داعش دوای لەدەستدانی دوایین شار، ئیدی کۆتاییدێت. ئەبوبەکر بەغدادیی دامەزرێنەریشی لە هێرشێکی ئەمریکادا کوژرا، هەروەها هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی بۆ داخستنی رووپەڕ و هەژمارەکانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیپێکرد بۆ نەهێشتنی پڕوپاگەندە و هەڵمەتی راکێشانی خەڵکی زیاتر بۆ نێو ریزەکانی.