دژه تیرۆری كوردستان: تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە له پێنجوێن دەکاتە ئامانج

K24 - هەولێر:
له پێنجوێن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە 3 چەکدار کوژران.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ (یەکشەممە 27ی ئابی 2023)، کاتژمێر 13:30، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک گوندی زەنگیدەر لە ناحیەی گەرمکی سەر بە قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە 3 چەکداری پەکەکە کوژران.
پێشتریش دژه تیرۆری كوردستان ئاماژهی بهوه كردبوو، رۆژی 11ی ئابی 2023، کاتژمێر 15:30، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە ڕێگەی ملەی نەڵمە لە نزیک ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای پەکەکە و چەکدارێکی دیکە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کوژران و ههروهها رۆژی 24ی ئابی 2023، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لەسەر رێگای سنینێ لە قەزای سیدەکانی پارێزگای هەولێر کردە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵا و دوو چەکداری پەکەکە کوژران.
شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
چەندین ساڵ دەبێت بەسوودوەرگرتن لـە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستانی كردووەتە شوێنی ململانێكانی خۆی، بەمەش نائارامی و پشێویی دروستكردووە و بە سەدان گوند چۆڵكراون، جگە لەوەی كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانی سڤیل كەوتووە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەكو ئێستا 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.
ھەرچی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، 188 گوند بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیاوە چۆڵكراون، كە 104ـیان دەكەونە سنووری قەزای سیدەكان، 65 گوندیان لە قەزای مێرگەسوور و 15 گوندیش لە سنووری چۆمان و 4 گوندیش لە سنووری قەزای رواندز چۆڵكراون.
شەڕی پەکەکە زیانێكی زۆر بەر ناوچە گەشتیارییەكانیش گەیاندووە، لەوانە 25 ھاوینەھەوار لە زاخۆ بوونەتە ناوچەی شەڕ و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، ھەروەھا 10 ناوچەش كەوتوونەتە ژێر كاریگەری پێكدادانەكانەوە.