ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب
K24 - هەولێر
وەزارەتی بەرگری سووریا رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیلەوە خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانەی حەلەب تێدا وەستا.
ئاژانسی هەواڵی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاندووە، نزیکەی کاتژمێر 4:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، "ئیسرائیل لە ئاراستەی دەریای ناوەڕاستەوە، لە رۆژئاوای لازقیە، هێرشیێکی ئاسمانی ئەنجامدا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی کردە ئامانج".
ئاماژەی بەوەشکرد، کە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەلەب، تەنها زیانی ماددییان بە رێڕەوی فڕینی فڕۆکەکان گەیاندووە و خزمەتگوزاریەکانی تێدا وەستاوە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە هێرشەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب بکاتە ئامانج.
لە مانگی ئایاری رابردوودا ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
راشیگەیاند، "سیستەمی بەرگری ئاسمانی سووریا وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلی داوەتەوە و ژمارەیەک لە مووشەکەکانی ئیسرائیلیان خستووەتە خوارەوە".