ئەردۆغان نێردراوێکی خۆی دەنێرێتە عێراق

کۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و تورکیا
کۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و تورکیا

K24 – هەولێر:

وەزیری بازرگانی تورکیا کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە بەغدایە رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا فەیسەڵ ئۆغڵو، نێردراوی سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق دەکات.

شاندێکی وەزارەتی بازرگانی تورکیا بە سەرۆکایەتی عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا رۆژی دووشەممە (28ـی ئابی 2023) گەیشتە بەغدا و ئەمڕۆ کۆبوونەوە فەرمییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەستپێکرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق، هەردوولا رێککەوتن لەسەر زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان و زیاتر کارئاسانی بکەن لە بوارەکانی بازرگانی و دەروازە سنوورییەکان و گومرگ.

لەلایەن خۆیەوە، وەزیری بازرگانی تورکیا ئامادەیی ئەنقەرەی دووپاتکردەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارە جیاوازەکان لەوانەش بازرگانی، وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتی.

هەروەها لە میانی کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق کردەوە بەتایبەتی لە دۆسیەی ئاودا.

هەروەها بۆڵات ئاشکرایکرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا فەیسەڵ ئۆغڵو، نێردراوی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق دەکات و لەبارەی دۆسیە هاوبەشەکانی نێوانیان زیاتر گفتوگۆ دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق چەندین دۆسیەی تایبەت بە پرسی ئەمنی، ئابووری و سیاسیی تاوتوێکرد.

هەروەها رۆژی (23ـی ئابی 2023) هاکان فیدان سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و رۆژی دواتر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە کە لە دیدارەکەیان ئەلپئەرسلان بەیرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئامادەی بوو، پرسی دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە باسی لێوەکرا.