قیرغیزستان بەدەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی لە کەمپەکانی سووریا گەڕاندەوە وڵاتەکەی
K24 - هەولێر
95 ژن و منداڵی قیرغیستانی ناو رێکخراوی داعش لە کەمپەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە گەڕێندرانەوە وڵاتەکەیان، بەمەش دەبێتە سێیەم کاروانی گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی قیرغستانی لە سووریا.
وەزارەتی دەرەوەی قیرغیزستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، 30ی ئابی 2023، 31 ژن و 64 منداڵی خەڵکی قرغیزستان لە سووریاوە گواستراونەتەوە وڵاتەکەیان، بەبێ ئەوەی ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی دیاری بکات، کە تا ئێستاش لەم کەمپانەدا نیشتەجێن، کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بەڕێوەدەبرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرداوە، قیرغیزستان "سوپاسی ئەمەریکا دەکات بۆ هاوکاریکردنی تەواو و پاڵپشتی لۆجستیکی لەم پرۆسەیەدا"، هەروەها سوپاسی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یونیسێف و خاچی سووری کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی قیرغیستان، ئەمە سێیەم کاروانی هاووڵاتیانی وڵاتەکەیە لە سووریا و عێراقەوە گەڕێندراونەتەوە، یەکەم کاروان لە مانگی ئاداری 2021، 79 منداڵ گەڕێندرانەوە، هەروەها لە شوباتی 2023، 59 ژن و منداڵی دیکە گەڕێندراونەتەوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هێزەکانی ئەمەریکا، هەزاران چەکداری داعش و خێزانەکانیان لە کەمپەکانیان دەستبەسەرکردووە، کە دیارترینیان کەمپی هۆلە لە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، بەشێک لە وڵاتان رەتیان کردووەتەوە هاووڵاتییانیان لەو کەمپانەوە بگەڕێنەوە.