ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی ئەتۆم تاوتوێ کرد
K24 - هەولێر:
ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تێیدا بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی ئەتۆم تاوتوێ کرا.
لیوا یەحیا رەسوڵ عەبدوڵڵا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد، کە تێیدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان و گرنگترین ئاڵنگارییەکان و رێگاکانی رووبەڕووبوونەوەیان تاوتوێ کرا.
ئاماژەی بەوەشدا، وەزیرانی خوێندنی باڵا، توێژینەوەی زانستی، کارەبا و لیژنەی تەکنیکی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی ئەتۆم، بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی لیوا یەحیا رەسوڵ، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی ئەتۆم تاوتوێ کراوە، ئەمەش بەمەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای پاک، کە پشتبەستن بە نەوت و غاز کەمدەکاتەوە و کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیربوونی وزەی کارەبا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغی دووەمی پلانی گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی پارێزگاکان لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ تاوتوێ کرا، کە لە قۆناغی یەکەمدا پلانەکە بەسەرکەوتووی لە پارێزگاکانی (موسەنا، دیوانیە و واست) جێبەجێ کرا.