ژمارەیەک گەنجی کورد لەسەر گرتنی رێگەی کەرکووک – هەولێر هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن دەکەن

رێگای کەرکووک - هەولێر _ وێنە: هێمن دەلۆ - کوردستان24
رێگای کەرکووک - هەولێر _ وێنە: هێمن دەلۆ - کوردستان24

K24 - هەولێر:

لەدوای گرتنی رێگەی کەرکووک - هەولێر، لەلایەن لایەنگرانی گرووپی عەسائبی ئەهلی حەق و هەندێک لایەنی دیکە، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆ و گرتنی ڕێگەی سەرەکی هاوڵاتیان ژمارەیەک گەنجی کورد داوا دەکەن ئەگەر ڕێگەکە نەکرێتەوە هەڵوێستی توند وەردەگرن.

ئەو گەنجانە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، "ئێمە کۆمەڵێک گەنجی بێ‌لایەنین، پەیوەندیمان بە هیچ پارت و حزبێکی سیاسییەوە نییە، ئامانجمان دروستکردنی فشارە بۆ کردنەوەی رێگای نێوان کەرکووک - هەولێر، چونکە ئەمە بووەتە هۆی پەکخستنی هاتووچۆی سەدان هەزار کەس".

دەشڵێن: لە نزیکترین کاتدا، هەڵوێستی توندمان دەبێت، هەر کەسێکیش دەیەوێت لەگەڵمان بێت، با دەنگی بخاتە پاڵ دەنگمان بۆ کردنەوەی رێگەکە.

سەهەند غەفوور، نوێنەری ئەو گەنجانە بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرتنی رێگەکە گرفتی بۆ کار و کەسابەت و پیشەی خەڵکی دروست کردووە و هاتووچۆی هاوڵاتیانی پەکخستووە، گوتیشی: وەکو هەنگاوی یەکەم ئەم پایەمەمان بە ئیدارەی کەرکووک داوە و ئەگەر بە دەنگمانەوە نەیەن ئەوا هەڵوێستی توندترمان دەبێت.

رۆژی 28ـی ئەم مانگە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی دژی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگای کەرکووک - هەولێریان داخست و بوونەهۆی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان.