ئێران تەقینەوەی سێ کەشتیی نەوتهەڵگری لە گەرووی هورمز راگەیاند

وێنەی گڕگرتنی یەکێک لە کەشتییەکانی گەرووی هورمز
وێنەی گڕگرتنی یەکێک لە کەشتییەکانی گەرووی هورمز

هێزی دەریایی ئێران و سوپای پاسداران رایانگەیاند، سێ کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز بەهۆی بەرکەوتنیان بە مین تەقینەوە و ئاگریان گرت، ئەمەش لە کاتێکدایە تاران هاتوچۆی لەو گەرووەدا سنووردار کردووە.

هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا، کە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوکرایەوە، رایگەیاند "کەمێک لەمەوبەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر تەقینەوە، کە هەوڵیان دابوو لە رێگەیەکی مۆڵەتپێنەدراوەوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، ئەو کەشتییانە دوای ئەوەی سیستەمی رادار و دیاریکردنی شوێنیان کوژاندبووەوە، لە ئەنجامی بەرکەوتنیان بە مینی دەریایی ئاگریان تێبەر بوو".

لە راگەیەندراوێکی جیاوازدا، هێزی دەریایی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی دیکەی نەوتهەڵگر بە ناوچەیەکی قەدەغەکراوی رۆژهەڵاتی گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبوو، دوای کوژاندنەوەی سیستەمی دیاریکردنی شوێن، بەهۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی ئاگری تێبەر بوو و ناچار بوو بوەستێت.

هەردوو راگەیدنراوەکە ناوی کەشتییەکان و ئەو وڵاتانەی ئاڵاکانیان لەسەرە ئاشکرا نەکرد، بەڵام سوپای پاسداران روونیکردەوە، یەکێک لەو دوو کەشتییەی لە باشووری گەرووەکە ئاگری تێبەر بووە، نەوتهەڵگرێکی گەورە بووە.

لە شوباتی رابردوودا لەگەڵ یەکەم گورزی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد، لەو کاتەوە تاران سنووردارکردنی توندی بۆ هاتوچۆی کەشتیوانی لەو گەرووە ستراتیژییەی دابینکردنی وزەی جیهان سەپاندووە و بەردەوام ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە بێ مۆڵەت هەوڵی تێپەڕبوون دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و هاوکات ژمارەی ئەو کەشتییانەشی لە زیادبووندایە کە لە گەرووەکەدا هاوکارییان دەکات و دەیانپارێزێت.

لە کاتێکدا تاران لە هەفتەکانی رابردوودا هەواڵی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی لە چەند کەشتییەکی دیکە لەناو گەرووی هورمز بڵاوکردووەتەوە، واشنتن جەختدەکاتەوە، بەشێکی زۆری مینەکانی گەرووەکەی هەڵگرتووەتەوە و پووچەڵیکردووەتەوە.

دوێنێ هەینی، سوپای پاسداران گرتەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کەشتییەکی دیکە کە باری گازی سروشتیی چڕکراوی هەڵگرتبوو، دوای بەرکەوتنی بە مینێک لە بەشی باشووری گەرووەکە، ئاگری تێبەر بوو و دووکەڵێکی چڕ لە کەشتییەکە بەرز بووەوە.