ئەمەریکا بۆ پاڵپشتیکردنی سەربازی تایوان 80 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات
K24 - هەولێر
حکومەتەکەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی پرۆگرامی دارایی سەربازی دەرەکی کە بەزۆری تایبەتە بە وڵاتە خاوەن سەروەرەییەکان، قەرزی سەربازیی بۆ تایوان پەسەند کرد.
حکومەتی بایدن لە ئاگادارییەکدا کە بە کۆنگرێسی داوە، تەرخانکردنی بڕی 80 ملیۆن دۆلاری وەک دارایی سەربازی بیانی بۆ پاڵپشتیکردنی تایوان نیشانداوە.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، "پارەدارکردنی سەربازی بیانی بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی تایوان لە بەرگریکردنی خۆی لە رێگەی دەریایی و توانای ئاسایشی دەریایی، شەڕکردن لەپێناو دوورگەکە بەپێی سیاسەت و یاساکانی ئێستا.
وەزارەتی بەرگری تایوان، سوپاسی ئەمەریکای کرد و رایگەیاند، هیچ لێدوانێک لەسەر وردەکاری هاوکارییەکان نادات.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەو ئاگادارییەی پشتڕاست کردەوە کە بۆ کۆنگرێس نێردراوە و رایگەیاند، بڕیاری پێشکەشکردنی هاوکاریی تایوان لە رێگەی پرۆگرامی دارایی سەربازی دەرەکییەوە، رەنگدانەوەی هیچ گۆڕانکارییەک نییە لە سیاسەتی ئەمەریکادا.
چین پێی وایە ئەو دوورگەیە کە بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەدەبرێت بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکەکەی و هۆشداری دەدات لە دەرئەنجامەکانی هەر جۆرە مامەڵەیەکی فەرمی لە نێوان واشنتن و تایپە. تایوانیش گوتەکانی چین رەتدەکاتەوە و دەڵێت: تەنها گەلی تایوان دەتوانێت بڕیار لە داهاتوویان بدات.