رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور: هەشت رۆژنامەنوس لەعێراق بێسەروشوێن بوونە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئامارێک لەماوەی 23 ساڵی رابردوودا، ئەو رۆژنامەنووسانەی بێسەروشوێن بوونە لە وڵاتە عەرەبییەکان سووریا لە پلەی یەکەم دێت و عێراقیش پلەی سێیەمی گرتووە.

رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە، کەدەڵێت: لە ساڵی 2000ەوە تا ساڵی 2023، 165 رۆژنامەنووس بێسەروشوێن بوونە، ئەو لیستەش 37 وڵاتی لەخۆگرتووە و سووریاش لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین رۆژنامەنووسانی تێدا بێسەروشوێن بووە، کە ژمارەیان 33 رۆژنامەنووسە.

بە گوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، لە نێو وڵاتانی عەرەبی، لەدوای سووریا یەمەن بە پلەی دووەم دێت کە 11 رۆژنامەنووسی تێدا بێسەروشوێن بووە، عێراق بە پلەی سێیەم بە 8 رۆژنامەنووس و پاشان میسر بە پلەی چوارەمی ولاتانی عەرەبی دێت، کە 4 رۆژنامەنووسی تێدا بێسەروشوێن بووە.

بەگوێرەی ئەنجامی پێوەرەکانی ئازادی رۆژنامەوانی رێکخراوەکە کە لە سەرەتای ئەمساڵدا دەرچووە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا وەک مەترسیدارترین ناوچەیە لە جیهان بۆ رۆژنامەنووسان، بە ریزبەندی "زۆر خراپ".

هەروەها لیبیا لە پلەی پێنجەم دێت بە بیسەروشوێن بوونی 2 رۆژنامەنووس، دواتر هەریەک لە سعوودیە و فەلەستین و سۆماڵ لەپلەکانی دواوە دێن.