ئێران پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ تێکدانی بەرنامەی مووشەکی خۆی رادەگەیەنێت
K24 - هەولێر:
وەزارەتی بەرگری ئێران پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی ئیسرائیلی بۆ تێکدانی بەرنامە مووشەکییەکەی راگەیاند، هەروەها دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەو کەسانەی کە تێوەگلاون راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (31ـی ئابی 2023)، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە زاری بەرپرسێکی وەزارەت کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، ئەو هەوڵەی بە "گەورەترین ئۆپەراسیۆنی تێکدانی پیشەسازی کە پیشەسازی مووشەکی و بۆشایی ئاسمانی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان دەکاتە ئامانج" وەسف کردووە.
ئەم بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند مانگی رابردوودا تۆڕێکی تەواو پیشەیی، بە هاوکاری لەگەڵ هەندێک لە هاککەرەکان، پلانیان دانا کە پارچەی کەموکوڕی بخەنە ناو ئەڵقەی پێشکەوتووی بەرهەمهێنانی مووشەکی پیشەسازییەکانی وەزارەتی بەرگرییەوە.
روونیشیکردەوە، "ئەم تۆڕە بە ڕێنمایی راستەوخۆی (هەواڵگریی بیانی ئیسرائیل) "مۆساد"، هەوڵیدا ئەو مووشەکانەی لە رێگەی فرۆشتنی پارچەی ئامادەکراوەوە بەرهەمدەهێنرێن بۆ تەقەمەنی بگۆڕن بۆ لێدانی هێڵەکانی پیشەسازی و ئەو کارمەندانەی لەو بوارەدا کاردەکەن".
ئاژانسەکە لە زاری مەهدی ریاحی، جێگری وەزیری بەرگرییەوە رایگەیاندووە، ئەندامانی تۆڕەکە هەوڵیانداوە "تەقەمەنی" لەناو مووشەکەکاندا بچێنن، بۆ ئەوەی "لەکات و شوێنێکی دیاریکراودا بتەقنەوە".
کۆماری ئیسلامی دوژمنە سەرسەختەکانی ئیسرائیل و ئەمەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت زنجیرەیەک هەوڵی تێکدەرەوەن کە لە ساڵانی رابردوودا کاریگەرییان لەسەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی هەبووە. هەروەها تۆمەتباریان دەکات بە بەرپرسیارێتی ئەو تیرۆرانە و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ئەو زانا و پسپۆڕانەی کە کاردەکەن لەو جۆرە بەرنامانەدا کە نیگەرانی لە وڵاتانی رۆژئاوا دەوڕوژێنن.
لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ئێران دەوڵەتی عیبری بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت هەوڵێکەوەیە بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوەیەکی وەزارەتی بەرگری لە پارێزگای ئیسفەهان لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە.
لەلایەن خۆیەوە ئەمەریکا و ئیسرائیل، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکار دەهێنێت بۆ رووبەرووبوونەوەی بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکانی پەیوەست بە ئیسرائیل لە ئاوەکانی کەنداو و وڵاتانی ناوچەکەدا.