مۆسكۆ كوژرانی دوو سه‌ربازی ئۆكرانی له‌ ناوچه‌ی بریانسكی رووسی راده‌گه‌یه‌نێت

سه‌ربازێكی رووسی له‌ ته‌ك ئاڵای وڵاته‌كه‌ی
سه‌ربازێكی رووسی له‌ ته‌ك ئاڵای وڵاته‌كه‌ی

K24 - هەولێر:

به‌رپرسێكی رووسی ئاماژه‌ به‌ كوژرانی دوو سه‌ربازی ئۆكرانی و به‌دیلگرتنی پێنجی دیكه‌ ده‌كات كه‌ سنووره‌كانی ناوچه‌ی بریانسكی رووسیایان به‌زاندووه‌، به‌ "تێكده‌ر" ناویان ده‌بات و ده‌شڵێت، ئامانجیان بووه‌، كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 31ـی ئابی 2023) ئه‌لیكسه‌نده‌ر بۆگۆماز، فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌ی بریانسكی رووسی، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سنووره‌كانی ئۆكرانیا له‌ پێگه‌ی خۆی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویكرده‌وه‌، هێزێكی تایبه‌تی ئۆكرانیا كه‌ ناوبراو به‌ "تێكده‌ر" ناوی بردوون، سنووره‌كانی ناوچه‌ی بریانسكیان به‌زاندووه‌ و ئامانجیان بووه‌ زنجیره‌یه‌ك كرده‌وه‌ی "تیرۆریستی" له‌ دژی دامه‌زراوه‌كانی ژێرخانی وزه‌ و سه‌ربازی ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

بۆگۆماز ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، هێزه‌كانی رووسیا توانیویانه‌ به‌ر له‌و هێزه‌ ئۆكرانییه‌ بگرن كه‌ له‌ ئه‌نجامدا دوو سه‌ربازی هێزه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی ئۆكرانیا كوژران و پێنجی دیكه‌یشیان به‌ دیل گرتووه، كه‌ سێیان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی رووسیادا بریندار بوونه‌.

به‌ گوته‌ی بۆگۆماز ئه‌و هێزه‌ تایبه‌ته‌ی ئۆكرانیا چه‌كی ئه‌مه‌ریكی و بۆمبی ده‌ستی و كه‌رسته‌ی یه‌ده‌گی به‌ پێوه‌ره‌كانی هاوپه‌یمانی ئه‌تڵه‌نتیك (ناتۆ)ـیان به‌كارهێناوه‌.

فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌ی بریانسكی رووسی هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌، توانیویانه‌ سێ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان كه‌ به‌سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا سووڕاونه‌ته‌وه‌، بخه‌نه‌ خواره‌وه‌، به‌ڵام هیچ زیانێكی لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

هاوكات له‌لای خۆیه‌وه‌ ده‌زگای ئاسایشی فیدڕاڵی رووسی (FSB) دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، هه‌وڵێكی ئۆكرانی هه‌بووه‌ بۆ دزه‌كردن بۆ ناو سنووره‌كانی بریانسكی رووسی، كه‌ ته‌نیا 25 میل له‌ سنووره‌كانی ئۆكرانیاوه‌ دووره‌.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه ‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.