UNHCR: لە هاوکاریکردنی پەنابەران پاڵپشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین
K24 - هەولێر:
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لە عێراق لە راپۆرتی مانگی ئابی 2023ـیدا جەختی لەوە کردەوە، پابەندە بە پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوکاریکردنی پەنابەرانی سووری.
لە راپۆرتەکەی UNHCRـدا هاتووە، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران هاوبەشێكی پابەندە بۆ پاڵپشتیکردنی پەنارەبانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیشە لە پشتگیریکردنی پێكهاتە و دەسەڵاتە کوردییەکان کە پارێزگاری لە پەنابەرە سوورییەکان دەکەن و هاوکارییان دەکەن و بە بەخشندەیی میوانداریان دەکەن.
پاڵپشتییە سەرەکییەکانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران لە هەرێمی کوردستان:
- 800 ملیۆن دۆلار خەرجکراوە لەکاتی گەیشتنی یەکەم لێشاوی پەنابەرانی سووری لە ساڵی 2011ـەوە تا ئێستا.
- 650 ملیۆن دۆلار خەرج کراوە لە رێگەی پاڵپشتی پەنابەران و پلانی خۆڕاگری ناوچەیی لە 2012ـەوە تا ئێستا.
- 170 ملیۆن دۆلار خەرج کراوە لە چالاکییە سەرەکییەکانی پاراستنی پەنابەران لەوانەش تۆمارکردن و هاوکاری یاسایی و پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە 2011ـەوە تا ئێستا.
- بۆ باشترکردنی شوێنی داڵدەدانی پەنابەران و پشتگیری بەڕێوەبردنی کەمپەکان لە 2011ـەوە تا ئێستا 91 ملیۆن دۆلار خەرج کراوە.
- لە 2001ـەوە تا ئێستا لە بواری تەندروستی گشتی و پەروەردە و ژێرخانی ئابووری 145 ملیۆن دۆلار خەرج کراوە.
- 160 ملیۆن دۆلار پێشکەش بە پەنابەران کراوە وەک هاوکاری ئابووری نەختینەیی لە ساڵی 2011ـەوە تا ئێستا، کە لە ئابووری ناوخۆییدا خەرج کراوە.
- لە ساڵی 2013ـەوە تا ئێستا 90 سەنتەری چاودێری تەندروستی گشتی نۆژەنکراونەتەوە و ئامێریان بۆ دابینکراوە.
- لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستا 100 قوتابخانەی گشتی نۆژەنکراونەتەوە.
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا و دابەشبوونی وڵاتەکە بەسەر چەند هێزێکدا، لە ساڵی 2011ـەوە تا ئێستا، ملیۆنان هاووڵاتی سووری و رۆژئاوای کوردستان، ئاوارەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بوون.
ساڵی رابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، زیاتر لە 257 هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستان دەژین.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان سەبارەت بە ژمارەی پەنابەر و ئاوارە لە هەرێم، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا 927 هەزار و 714 کەس وەکو ئاوارە و پەنابەر تۆمارکراون، لە کۆی گشتیان 661 هەزار و 385 کەس ئاوارەی عێراقین کە لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستاندا دەژین.