دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان: دەبێت بکوژانی شەهید هاوکار رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە
K24 – هەولێر:
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی دۆخی شاری کەرکووک داوا دەکات هەرچی زووە پەلە بکرێت لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و ئەو لایەنانەی دۆخی شارەکەیان چەندین رۆژە شێواندووە و بکوژانی شەهید هاوکاریش رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان رایگەیاندووە، "بەداخەوە جارێکی تر کەرکووک بەهۆی سیاسەتی جیاکارییەوە دەبێتە گۆڕەپانی ململانێیەکی ناهاوسەنگ و ئاسایش و ئارامی شارەکە دەشێوێنردێت، ئەم سیاسەتی هەژموونگەراییەی چەند لایەن و هێزێکی بەناوی پێکهاتەی عەرەبی و بە بیانووی جیاواز دژی کەرکووکییەکان پەیڕەوی دەکەن دۆخی شارەکە زیاتر دەشێوێنێت و ئەو متمانە و برایەتییە کەمەی کە هەشە لێکی هەڵ دەوەشێنێت".
لە راگەیەندراوەکەدا دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژە بەوەش دەکات، "گرژییەکانی ئێوارەی ئەمڕۆش جارێکی تر دەرئەنجامی بەکەم بینینی کورد و هەوڵی فەرزکردنی هەژموون و ئیرادەی لایەنەکە بەسەر لایەنێکی رەسەنی پێکهاتەی شارەکە، بەداخەوە سیاسەتی داگیرکردنی جادە و شەقامە گشتییەکان لەناو جەرگەی گەڕەکە کوردییەکاندا درێژکردنەوەی هەمان سیاسەتی هەژموونگەراییە و هەر جارەی بەبیانوویەک ئەنجامی ئەدەن".
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان رایگەیاندووە، هەموو هێزێکی نیشتمانی بەپێی دەستوور مافی بارەگا و هەڵسوڕانی سیاسی هەیە و رێگری لە کردنەوەی بارەگاکانیش دژی دەستوورە، داواش دەکات هەرچی زووە پەلە بکرێت لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و ئەو لایەنانەی دۆخی شارەکەیان چەندین رۆژە شێواندووە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
هاوکات دەستەکە بە پێویستی دەزانێت حکومەتی عێراق هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی ئەو شارەدا رەچاوبکات و هیچ پێکهاتەیەک فەرامۆش نەکرێت، هەروەها داواش دەکات دەسەڵاتی لۆکاڵی کەرکووک بە زووترین کات لیژنەیەک لە سەر بەناهەق شەهیدکردنی هاوکار عەبدوڵڵا، دروست بکات و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک دژی داخستنی رێگەی کەرکووک-هەولێر کە ماوەی پێنج رۆژە لەلایەن گرووپێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و لایەنە عەرەبی و تورکمانییە شۆڤێنییەکان داخراوە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.