ئیسرائیل.. لە روبەرووبوونەوەی نێوان پۆلیس و پەنابەرانی ئەریتریا 150 کەس بریندار بوون

K24 - هەولێر

شەڕ و ئاژاوە لە نێوان پەناخوازانی ئەریتریا و هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل لە ناوچەی "یاد حروتسیم"، لە باشووری تەلئەبیب سەریهەڵدا، کە زیاتر لە 150 کەس برینداربوون، لە نێو بریندارەکاندا پۆلیسیشی تێدایە.

سەدان ئەریتریایی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای مافی پەنابەرێتییان دەکرد، هەروەها ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە رێکخستنی کۆنفرانسێک دەربڕی کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەریتریاوە بەڕێوەچوو، هەروەها خۆپیشاندەران هەوڵیاندا بگەنە هۆڵی کۆنفرانسەکە، بەڵام پۆلیس رێگری لێکردن و  پێکدادان روویدا کە تیایدا پۆلیس بەدەیان خۆپیشاندەری بە گوللـە بریندارکرد، لەنێویاندا نزیکەی 16 خۆپیشاندەر لە دۆخێکی سەختدان.

پۆلیس بەربەستی ئاسنینی لە "یاد حروتسیم" دانا بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران نەگەنە هۆڵی کۆنفڕانسەکە، بەڵام خۆپیشاندەران سەرکەوتوو بوون لە شکاندنی بەربەستەکان و هۆڵەکەیان تێکدا و ئاگریان تێبەردا. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە کە خۆپیشاندەران بەرد و تەختەیان بەسەر پۆلیسەکاندا فڕێداوە و بەدرێژایی رێگاکە دەوریەی پۆلیس و دوکان و قاوەخانەکان تێکدەدەن، هەروەها پۆلیسیش جگە لە ئامرازەکانی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان فیشەکی دژ بە خۆپیشاندەران بەکارهێناوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی سەبارەت بە پێکدادانەکانی شەقامەکانی تەلئەبیب بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راپۆرتی لە وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و بەرپرسی پۆلیس وەرگرت سەبارەت بە ئاژاوەگێڕییەکانی شاری تەلئەبیب، و فەرمانی دەرکرد بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی ناوچەکە وەکو پێشوو.

ئەفسەری پۆلیس یەعقوب شەبتای هەڵسەنگاندنێکی ئەمنی بۆ دۆخی شارەکە ئەنجامدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی نزیکەی 35 پۆلیس لە ئاژاوەکاندا برینداربوون، بڕیاریدا سەدان پۆلیسی زیادە بانگهێشت بکات بۆ پشتگیریکردنی پۆلیس و پاسەوانی سنوور.

پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، ئاژاوەگێڕەکان پابەند نەبوون بە فەرمانەکانی پۆلیس و دەستیان کردووە بە فڕێدانی بەرد و تەختە و بەرد، هەروەها تێکدانی دوکانەکانی ناو شەقامەکە، لەنێویاندا سووتاندنی بینای یانەیەکی شەوانە و زیانێکی زۆریان بە دەورییەکانی پۆلیس گەیاندووە. ”