دوو رۆژنامەنووسی ئێرانی سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا

ئێران
ئێران

K24 - هەولێر

دادگایەکی تاران سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر دوو رۆژنامەنووسدا سەپاند، لەگەڵ بەشێک لە سزاکەی پاش ئەوەی بە تۆمەتی پلانگێڕی و هاوبەشی کردن تاوانبار کران.

پارێزەرەکەیان ئەمیر رەئیسیان بە رۆژنامەی "هەم مەیهەن"ی گوت، ناز محەمەدی رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی "هەم مەیهەن" و نگین باقری لە رۆژنامەی "حەفت سوبح" بە کەمتر لە مانگێک زیندانی سزادران.

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەشێکی سزاکەیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕادەگیرێت،" گوتیشی: لەو ماوەیەدا تاوانبارەکان شوێن وانەکانی ئەخلاقی پیشەیی دەکەون لەگەڵ قەدەغەکردنی گەشت.

ناز محەمەدی لە مانگی شوباتدا بۆ ماوەی هەفتەیەک بە هۆکارێکی نادیار دەستگیرکرا.

ئەو خوشکی ڕۆژنامەنووس ئیلا محەمەدییە کە بۆ هەمان رۆژنامە کار دەکات و لە ئەیلوولی 2022 ەوە زیندانی کراوە بە تۆمەتی راپۆرتکردنی ناشتنی مەهسا ئەمینی.

کوژرانی ئەو ژنە کوردە تەمەن 22 ساڵانە دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای جلوبەرگ، بووە هۆی خۆپیشاندانێکی سەرانسەری لە ئێراندا. کە لەئەنجامدا سەدان خۆپیشاندەر لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا کوژران. هەروەها هەزاران خۆپیشاندەریش لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەستگیرکران.

میدیا ناوخۆییەکان بەم دواییانە رایانگەیاند کە زیاتر لە 90 رۆژنامەنووس دەستگیرکراون یان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە لەوکاتەی خۆپیشاندانەکان ئەنجامدراون.