سوودان.. بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیەوە 20 هاووڵاتی سڤیل کوژران
K24 - هەولێر
بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای سوودان بۆسەر هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە گەڕەکێکی دانیشتواندا لە خەرتووم، لانی کەم 20 هاووڵاتی سڤیل کوژران کە دوومنداڵێشیان لە نێواندایە.
لیژنەکانی بەریگرکردن رایانگەیاند، لەگەرەکی کەلاکلە بە هۆی هێرشەئاسمانییەکانی سوپای سوودان لانی کەم 20 هاووڵاتی سڤیل کوژران کە لە نێویاندا دوو منداڵ و ژنێکیشی تێدایە.
لیژنەکانی بەریگرکردن لە گەڕەکی کەلاکلە پێشتر رایانگەیاندبوو، یەکێک لەو نەخۆشخانەی کەتاوەکو ئێستا لە پایتەختی سوودان کاردەکات، 11 هاوڵاتی کوژراوی تێدایە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە ناتوانرێت ژمارەیەکی زۆر لاشەی سوتاو بناسرێنەوە.
شەڕی سوودان لە 15 نیسانەوە دەستیپێکردووە، لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە تا ئێستا نزیکەی 5000 کەس کوژراون و 4.6 ملیۆن کەسیش لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە ئاوارە بوون.
لە شاری خەرتوم، شەڕەکان لەو گەڕەکانە چڕبوونەتەوە کە دانیشتوانەکەیان بۆ ماوەی پێنج مانگە بەبێ ئاو و کارەباو و گەرمایەکی زۆر لەماڵەکانیان ژیان بەسەر دەبەن و خۆیان لە هێرشەکانی ئەو دوولایەنە دەپارێزن.
شایەتحاڵەکان رۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوت: شوێنی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە گەڕەکەکانی باکووری پایتەخت، لەلایەن سوپای سوودانەوە بۆردوومان کراوە.
بەگوێرەی رێکخراوییە مرۆییەکان، زیاتر لە نیوەی سوودانییەکان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان، لەگەڵ ئەوەی شەش ملیۆن کەسیش لە لێواری برسێتیدان.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕ و برسێتی هەڕەشە لە سوودان دەکات و ناوچەکە دەخاتە ناو کارەساتێکی مرۆییەوە.