سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتیان دەخەنە پاڵ یەکتر
K24 - هەولێر
سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا یەکتریان تۆمەتبارکرد بە بۆردومانکردن بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، کە لە ئەنجامدا دەیان کەس لە ئوم درمان و نیالا گیانیان لەدەستداوە.
سوپای سوودان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە بۆردومانەکەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئومدرمان، 13 هاوڵاتی سڤیل کوژراون، ئەم تۆپبارانەشی بە دوبارە هەڵسوکەوت لەنێو ئەو تاوانە جەنگیانەی کە میلیشیای پشتیوانی خێرا لە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامی دەدات هەژمار کرد.
لای خۆیەوە هێزەکانی پشتیوانی خێرا، سوپای بە کوشتنی 14 کەس و برینداربوونی دەیان کەس لە بۆردومانەکانی شاری نیالا لە باشووری دارفۆر تۆمەتبار کرد، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سوودان "شاری نیالایان کردووە بە حەوزێکی خوێن و مەیدانی کوشتن و بۆردومانی ناوچە دانیشتووەکان دەکەن".
جگە لەوەش هەردوولا لە ناوچەی فەیلەقی ئەندازیاران و ژمارەیەک گەڕەکی ئومدرمان تۆپبارانیان یەکتریان کردووە.
هێزەکانی "پشتیوانی خێرا" کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری شاری خەرتومیان کردووە، لە کاتێکدا سوپا هەوڵدەدات رێگاکانی دابینکردن ببڕێت لە ڕێگەی ئەو پردانەی کە ناوچەکانی ئەمدرمان، بەحری و خەرتوم بەیەکەوە دەبەستنەوە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەناو فەیلەقی ئەندازیاران لە ئومدرمان توانیویانە 60 چەکداری سوپا بکوژن و 140 دیکەش بریندار بکەن.