زیاد ئەبوولەتیف بۆ کوردستان24: پێویستە حکومەتی سووریا داواکارییەکانی خەڵکی سوەیدا و تەواوی پارێزگاکانی دیکە جێبەجێ بکات

زیاد ئەبوولەتیف، پەرلەمانتاری کەنەدی
زیاد ئەبوولەتیف، پەرلەمانتاری کەنەدی

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی کەنەدی، رایگەیاند، پێویستە حکومەتی سووریا هەموو کارێکی پێویست بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری لەسەر هاووڵاتییان ئەنجامبدات ، هەروەها گوتیشی: دەبێت حکومەتی سووریا پابەندی بڕیارنامەی نێودەوڵەتی 2254 بێت.

زیاد ئەبوولەتیف، پەرلەمانتاری کەنەدی، لەسەر خۆپیشاندانی خەڵکی پارێزگای سوەیدای سووریا، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێویستە حکومەتی سووریا خواستەکانی خۆپیشاندەرانی سوەیدا و تەواوی هاووڵاتییانی پارێزگاکانی دیکەی سووریا جێبەجێ بکات.

هاوکات گوتیشی: پێویستە حکومەتی سووریا هەموو کارێکی پێویست بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری لەسەر هاووڵاتییان ئەنجامبدات.

باسی لەوەشکرد، دەبێت حکومەتی سووریا پابەندبێت بە بڕیارنامەی نێودەوڵەتی 2254 چونکە بە پابەندبوونی بەو بڕیارە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاربن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری لە سووریا.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، ماوەی 16 رۆژە هاووڵاتییانی پارێزگای سوەیدای سووریا بەردەوامن لە خۆپیشاندان دژی رژێمی حکومەتی سووریا و داوا دەکەن بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کورسی دەسەڵاتی بەجێبهێڵێت.

هەروەها خۆپیشاندەران داواکاریشن بڕیارنامەی نێودەوڵەتی 2254 جێبەجێ بکرێت، چالاکوانێکیش لەبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبن تاکو هەموو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن.

رژێمی سووریا رەتیکردەوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ساڵی 2015 دەرچووە، کە نەخشەی چارەسەری بۆ پرسی سووریا داڕشتووە کە لەلایەن "دەزگایەکی حوکمڕانی باوەڕپێکراو"ەوە بەرەوپێش دەچێت، ئەمەش ئەوەیە کە رژێمەکە هەشت ساڵە هەوڵیداوە بۆ خۆپاراستن، سوودمەندبوون لە پشتیوانی رووسیا و ئێران.

کرانەوەی تورکیا و عەرەب بەرامبەر بە رژێمی سووریا، پەراوێزێکی بەرفراوانتری بەدەوری خۆیدا هێنا بۆ بازدان بەسەر ئەم بڕیارەدا، کە ئەمەریکا پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دەکات، کە بە تاکە چارەسەری بژاردەیی لە سووریادا دەزانێت.

بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەسەر بنەمای پەیماننامەی جنێڤ بوو کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2012 دەرچووە، "بە بنەمای بنەڕەتی بۆ گەیشتن بە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێ لە سووریا دەزانێت".

بڕیارنامەکە پشتیوانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ئەنجامدانی "هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لەسەر بنەمای دەستووری نوێ لە ماوەی 18 مانگدا لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا" نوێکردەوە.