بەریتانیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی لە گەشتکردن بۆ وڵاتێکی عەرەبی
K24 - هەولێر
بەریتانیا هۆشداری دەداتە ئەو هاووڵاتیانەی کە دەیانەوێت گەشت بکەن بۆ مەغریب و دەڵێت، سنووری دەریایی جەزائیر مەبەزێنن، ئەمەش دوای ئەوەی کەسێکی مەغریبی و فەرەنسی بەهۆی تەقەی پاسەوانی کەناراوەکانی جەزائیرەوە گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "سنووری وشکانی نێوان جەزائیر و مەغریب داخراوە، داوا لەهاووڵاتیان دەکەم هەوڵی تێپەڕاندنی مەدەن، سنوورەکە تا دەریا درێژدەبێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر لە بەلەمدایت یان جێت سکی بەکرێ دەگریت، دڵنیابە لەوەی دەزانیت سنوورەکانی دەریا لە کوێن و لەناو ئاوە خاکییەکانی مەغریبدا بمێنەرەوە. دڵنیابە کە سووتەمەنی پێویستت هەیە بۆ ئەوەی بتوانیت بگەڕێیتەوە کەنارەکان".
وەزارەتی بەرگری جەزائیر رایگەیاندبوو کە "یەکەیەکی پاسەوانی کەناراوەکانی سەر بە کەناری ئاوی رۆژئاوا لە ناوچەی سەربازی دووەم، سێ جێت سکی کە چوونەتە ناو ئاوە خاکییەکانمانەوە، رێگرییان لێکردبوو."
بەرگری جەزائیر راشیگەیاند، "دوای ئەوەی هۆشداری دەنگی دەرچوو و چەند جارێک فەرمانی وەستانیان بۆ دەرچوو، گوییان پێنەداوە و نەوەستاون، بۆیە تەقەیان لێکراوە".