ئیسرائیل باڵیۆزخانەی خۆی لە بەحرەین کردەوە
K24 - هەولێر:
ئیسرائیل دوای سێ ساڵ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەحرەین، باڵیۆزخانەی خۆی لەو وڵاتە کردەوە.
لە مەراسیمێکی تایبەتدا، بەپرسانی باڵای ئیسرائیل باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەحرەین کردەوە، ئەمەش دوای سێ ساڵ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە.
ئیلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و شاندێکی بازرگان و بەرپرسانی حکومەتی ئیسرائیل بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.
کۆهین سەبارەت بە کردنەوەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی وڵاتەکەی لە بەحرەین، گوتی: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرەین هاوڕابووین کە پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ فراوانکردنی قەبارەی بازرگانی و زیادکردنی ژمارەی گەشتە راستەوخۆکان، وەبەرهێنان لەنێو هەردوو وڵاتدا.
عەبدوللەتیف ئەلزەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین رایگەیاند، دەستبەکاربوونی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل "ئاماژەیە بۆ پابەندبوونی هاوبەشمان بە ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکەمان".
ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل بەشێک بوو لە زنجیرەیەک ڕێککەوتن، کە بە رێککەوتنەکانی ئەبراهام ناسراوە و تێیدا، رێککەوتن لەگەڵ ئیمارات و مەغریب و سودان واژۆ کرا.
کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بەحرەین لەکاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە عەلی رەزا عینایەتی باڵیۆزی راسپێردراوی ئێران بۆ سعوودیە، بەمەبەستی دەستبەکاربوونی گەیشتە باڵیۆزخانەی ئێران لە ریازی پایتەختی ئەو سعوودیە، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە مانگی ئاداریابردوو لە پەکین واژۆکرا.