دوو تەقینەوە لە قامشلۆ روویاندا
K24 –قامشلۆ
كەمێك پێش ئێستا دوو تەقینەوە لە شاری قامشلۆی رۆژوئاوای كوردستان روویاندا.
پەیامنێری كوردستان24 لە قامشلۆ رایگەیاند: "كاتژمێر 9 ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ تەقینەوەیەك لە گەڕەكی غەربی سەر رێگای عامودا روویدا".
پەیامنێرمان گوتیشی: "بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان ژمارەیەك كەس بەھۆی تەقینەوەكە شەھید و برینداربوونە و ئێستا چەند ئەمبوڵانسێك لە شوێنی رووداوەكە بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە دەگوازنەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "دوای تەقینەوەكە شەڕە تەقە لە نێوان ھێزەكانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری و ژمارەیەك چەكدار روویداوە، بەڵام تا ئێستا دیارنییە ئەنجامدەرانی تەقینەوەكە سەر بە كام گروپ و لایەنە".
پەیامنێری كوردستان24 راشیگەیاند: "كەمێك دوای تەقینەوەی یەكەم تەقینەوەیەكی دیكە لەھەمان ناوچە روویدا".
ئەوەشی خستەڕوو: "تەقینەوەكە لە رێگە ئۆتۆمبێلێكی بارھەڵگر ئەنجامدراوە و دەستەی بەرگری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری كردوەتە ئامانج".