لیژنەیەکی ئەمەریکی رەخنە لە بڕیارەکەی فەرەنسا دەگرێت بۆ قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکاندا

K24 - هەولێر

لیژنەیەکی ئەمەریکی رەخنەی لە بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسا گرت بۆ قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکاندا و رایگەیاند، ئامانجی ئەم رێوشوێنە "ترساندنی" موسڵمانانی فەرەنسایە.

ئەبراهام کوپەر، لە راگەیەندراوێکدا، سەرۆکی لیژنەی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی ئەمەریکا، کە دەزگایەکی ڕاوێژکاری حکومەتە و لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە ئەرکی پێسپێردراوە، دەڵێت: "لە چوارچێوەی هەوڵێکی هەڵە بۆ بەرەوپێشبردنی بەهای عەلمانیزمی فەرەنسی، حکومەت دەستدرێژی دەکاتە سەر ئازادییە ئایینییەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد، فەرەنسا بەردەوامە لە بەکارهێنانی لێکدانەوەیەکی تایبەت بۆ عەلمانیەت بۆ بەئامانجگرتن و ترساندنی گروپە ئاینییەکان بەتایبەت موسڵمانان.

کوپەر پێی وابوو، "سنووردارکردن و پراکتیزەکردنی ئاشتیانەی بیروباوەڕە ئاینییەکان، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی عەلمانیەت جێگەی سەرزەنشتکردنە".

ئەنجوومەنی وڵاتی فەرەنسا کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری ئیدارییە لە وڵاتەکەدا، پشتگیری لە بڕیارەکەی حکومەت کردبوو بۆ قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانە حکومییەکاندا، کە لە هەنگاوێکدا رایگەیاندبوو، بۆ بەرگریکردن لە پرەنسیپە عەلمانیەکان ئەم هەنگاوەی گرتووەتەبەر، کە پێشتریش بەهۆی قەدەغەکردنی پێچە لە شوێنە گشتییەکاندا موشتومڕێکی زۆری نایەوە لە فەرەنسا.

ئەمە لە کاتێکدایە، کۆتاییەکانی مانگی رابردوو گابریال ئاتال وەزیری پەروەردەی فەرەنسا رایگەیاند، قەدەغەی سەرجەم هێما ئایینییەکان لە قوتابخانەکانی فەرەنسا دەکەن، لەنێویشیاندا باڵاپۆشی، ئەمەش کاردانەوەی توندی قوتابییە موسڵمانەکانی بە دوادا هات.