بەرپرسێکی پێنتاگۆن روونکردنەوە لەسەر ناردنی مووشەکی ئەتاکمس بۆ ئۆکرانیا دەدات

مووشەکی ئەتاکمس
مووشەکی ئەتاکمس

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی پێنتاگۆن راگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی دابینکردنی سیستەمی مووشەکی تاکتیکی دوور مەودای ئەتاکمس بۆ سوپای ئۆکرانیا نەدراوە.

ئەم لێدوانانەی پێنتاگۆن دوای ئەوە دێت کە راپۆرتەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، مووشەکی تاکتیکی دوور مەودای سوپای ئەمەریکا بە ناوی ئەتاکمس، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە چەند مانگی داهاتوودا رەوانەی ئۆکرانیا بکرێت.

ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن بە ئاژانسی سپۆپتنیکی رووسی راگەیاند، "هەرچەندە ئەم راپۆرتەم بینیوە، بەڵام هێشتا بڕیار لەسەر دابینکردنی سیستەمیمووشەکی ئەتاکمس بۆ ئۆکرانیا نەدراوە".

بەگوێرەی زانیارییەکان، پێدەچێت سیستەمی ئەتاکمس بخرێتە نێو پاکێجی هاوکاری سەربازیی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە و رەنگە پلانەکان بگۆڕدرێن.

پێشتر رووسیا سەبارەت بە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا یاداشتێکی ئاراستەی وڵاتانی ناتۆ کرد.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، هەر بارێک کە چەکی تێدابێت بۆ ئۆکرانیا، دەبێتە ئامانجی رووسیا.