سەباح سوبحی: ئەمڕۆ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تاوتوێی سێ پرس دەکات
K24 - هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و تاوتوێی سێ بابەت دەکات کە گرنگترینیان، كێشەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە. ئاماژە بەوەش دەدات، پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووریی نییە.
ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گفتوگۆ لەسەر سێ بابەت دەکرێت؛ کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک و پڕۆژەیاسای نەوت و گاز".
سەباح سوبحی ئاماژەی بەوەش کرد: "پاشگەزبوونی ئەندامانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەڵێنەکانیان، گرفتێکی گەورەیە بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵی. شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای گشتیی فیدراڵیدا زۆر روونن. پشکی هەرێم لە یاساکە ساڵانە نزیکەی 16 تریلیۆن و 500 ملیار دینارە و مافی خۆیەتی بدرێتێ؛ نەک وەکو قەرەبووکردنەوە یان قەرز بە هەرێمی کوردستان بدرێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز گوتیشی: "لە یاسای بودجەدا بەهیچ شێوەیەک ئاماژە بەوە نەکراوە، ئەگەر کێشە یان گرفتێک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ببڕدرێن. مافی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە مانگانە حکومەتی عێراق مووچەکانیان بۆ دابین بکات."
سەباح سوبحی ئەوەشی خستەڕوو: "ڕاستە فشار لەسەر حکومەتی فیدراڵی هەیە، بەڵام نابێت ئەو فشارانە هیچ بەرهەمێکیان هەبێت. ئەگەر فشارەکان بوونیشیان هەبێت، پێویستە محەممەد شیاع سوودانی هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە و باشی هەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و پابەندبێت بە یاسا."
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز گوتیشی: "بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی نزیکەی 500 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و مامەڵەکردن بە قەرز بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوورە لە یاسا و رێکارە دەستوورییەکان".
سەباح سوبحی ڕاشیگەیاند: "لە 2014ـەوە تاوەکو ئێستا بڕینی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە کارتێکی فشار لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە و دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێندرێت بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت یان نەهێڵدرێت."