پەرلەمانی عێراق لەبارەی دۆخی کەرکووک و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بڕیار دەدات

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی (9ـی ئەیلوولی 2023) -  وێنە: فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی (9ـی ئەیلوولی 2023) - وێنە: فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، لەسەر داوای پەرلەمانتارانی کورد، دوو بڕیاردرا بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەمنی کەرکووک و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.

رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، لە یەکەم دانیشتنی ئاسایی ئەم وەرزە یاساییەی پەرلەمانی عێراق، لەسەر داوای پەرلەمانتارانی کورد، بڕگەی تایبەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی ئەمنی و رووداوەکانی ئەم دواییەی شارەکە و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە یاسای بودجە هاتووە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، بۆ کۆبوونەوەکە زیادکرا.

فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لەسەر دۆخی کەرکووک، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقی راسپاردووە سەردانی پارێزگای کەرکووک بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئەم دواییە و خستنەڕووی راستییەکان و راپۆرتێک لەوبارەیەوە بۆ پەرلەمانی عێراق ئامادە بکەن.

هاوکات لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی راسپاردووە، میوانداریی هەردوو وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، لەبارەی داهاتە نەوتییەکان و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەوەی تایبەت بێت بە دۆخی کەرکووک، دوای فەرمانێکی محەممەد شیاع سوودانی بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، رۆژی (28ـی ئابی 2023)، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.

رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێر کە بووەتە هۆی وەستاندنی کارو کاسبییان و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ، لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون.

لەگەڵ ئەوەشدا، تاوەکو ئێستا لە ترسی بەردەوامی ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکە، تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هێزە عێراقییەکان لەناو شاری کەرکووک، بەتایبەتیش لە دەوروبەری قەڵای کەرکووک و گەڕەکە کوردنشینەکان بڵاوەیان پێکراوە و شارەکەیان کردووە بە سەربازگە.

لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردسنایشەوە، هەرچەندە لە یاسای بودجەی فیدراڵی، پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دواجار لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی (6ـی ئەیلوولی 2023)، ، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار.

هەروەها رۆژی هەینی، (8ـی ئەیلوولی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی روونکردنەوەیەکی گوتەبێژی حکومەتی عێراقی دایەوە لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە".